ئاشکرا بوو کێ منداڵە چوار ساڵانەکەی کوشت

هەواڵ / جیهان :: 26/08/2019‌ :: 21051‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

 

فۆکس9 - ئاشکرا بوو کێ منداڵە چوار ساڵانەکەی کوشت
لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا پیاوێک منداڵە تەمەن 4 ساڵانەکەی خۆشەویستەکەی کوشت، خاڵی منداڵەکە کە لە هەمان ماڵ لەگەڵیاندا دەژی دەڵێت: "گوێی لەوە بووە خوشکەکەی هاواری کردووە بەسەر منداڵەکەیدا و کاتێک چووەتە ژوورەکە بینی منداڵەکە لەسەر زەوی کەوتووە و دایکی هەوڵدەدات بیبوژینێتەوە"، پاش ئەنجامدانی بەدواداچوون دەرکەوت خۆشەویستی ژنەکە کە ئالوودەی مادەی هۆشبەرە بە لێدان منداڵەکەی کوشتووە لەبەر ئەوەی بە هاوارکردن لە خەو خەبەری کردبووەوە.


سەدا ئەلبەلەد - وەزیری بەرگری بڕازیل 44 هەزار سەربازی بڵاوە پێکردووە بۆ ئەوەی ئاگری دارستانەکانی ئەمازۆن کۆنترۆڵ بکەن

رۆژی یەکشەممە فێرناندۆ ئازفیدۆ، وەزیری بەرگری بڕازیل ئاشکرایکرد: 44 هەزار ئەندامی هێزی سەربازی بەرەو 6 ویلایەتی بڕازیل ئاراستە کردووە، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئاگرەکانی ئەمازۆن ببنەوە.


رەئی ئەلیەوم- لەگەڵ گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران سوپرایزێکی گەورە لە لوتکەی کۆمەڵەی حەوتدا روویدا

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ماکرۆن و  چەند بەرپرسێکی ئەڵمانی و بەریتانی کۆبووەوە و شوێنەکەی بەجێهێشت بەبێ ئەوەی لەگەڵ هیچ ئەمریکییەکدا کۆببێتەوە.
لەگەڵ گەیشتنی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ لوتکەی کۆمەڵەی حەوت چەند سوپرایزێک روویدا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کرد، ئەویش هەوڵیدا دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بەوە قایلبکات بارگرژییەکەی لەگەڵ ئێران ئاسایی بکاتەوە.


ئەخبار 24 - کۆشکی سپی: ترامپ پەشیمانە لەوەی باجەکەی سەر چینی زیاتر بەرزنەکردووەتەوە
رۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد: بۆچوونی خۆی سەبارەت بە جەنگە بازرگانییەکەی لەگەڵ چین گۆڕیوە، لە بەرامبەردا کۆشکی سپی وەک روونکردنەوەیەک ئاماژەی بەوەدا مەبەستەکەی ترامپ ئەوەبووە ویستوویەتی باجی گومرگی زیاتر بخاتە سەر پەکین.


سەدا ئەلبەلەد - ئەمریکییەک لەکاتی دەستگیرکردندا گیانی لەدەستدا
بەپێی وتەی پۆلیس لە شاری ئۆکلاهۆما ئەفسەرێک بەرەو گەڕەکێک بەڕێکەوتووە پاش ئەوەی ئاگادارکراوەتەوە لەوەی کەسێک شەق لە دەرگای ماڵان دەدات و بە شێوەیەکی سەیر قسە دەکات، پاش ئەوەی ئەفسەرەکە هەوڵیداوە دەستگیری بکات پیاوەکە تفی لێکردووە ئەویش بۆ کۆنترۆڵکردنی خستوویەتیە سەر زەوی، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە لە هەناسەدان وەستاوە و گیانی لەدەستداوە.


ئەخبار 24 - پارێزەرەکەی: بەشیر داوا دەکات بە کەفالەت ئازاد بکرێت
رۆژی شەممە ئەحمەد ئیبراهیم، پاریزەری عومەر بەشیر، سەرۆکی پێشووی سودان ئاشکرایکرد: داوایەک پێشکەشی دادگا دەکات بۆ ئەوەی بە کەفالەت ئازاد بکرێت.


جمهورییەت - پێنج جەنراڵی تورکی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە
بەپێی رۆژنامەی جمهورییەتی موعارەزە و راپۆرتێکی رۆیتەرز لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی سەربازی تورکیا پێنج جەنراڵ دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.


نیوز18 - دەیان هەزار خەڵکی رۆهینگیا لەیادی "رۆژی لەناوبردنی بە کۆمەڵ"  لە چادرگەکانی بەنگلادیشدا گردبوونەوە
بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە سەرەتای هەڵمەتە سەربازیەکەی میانمار کە بەهۆیەوە 730 هەزار کەس ناچاربوون لە سنوورەوە رابکەن، رۆژی یەکشەممە بەلایەنی کەمەوە سەد هەزار پەنابەری رۆهینگیا لە چادرگەکانی بەنگلادیش گردبوونەوە.


نیوز 18 - بۆریس جۆنسن بە دۆناڵد تاسکی سەرۆکی یەکێتی ئەوروپای وت: بە هەر حاڵێک بێت برێکزت لە 31ی تشرینی یەکەم روودەدات
رۆژی یەکشەممە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لوتکەی G7 بە دۆناڵد تاسکی سەرۆکی یەکێتی ئەوروپای وت: "بە هەر حاڵێک بێت 31ی تشرینی یەکەم برێکزت روودەدات.


میدڵ ئیست مۆنیتۆر - زەریف کۆبوونەوەی جی7 بەجێ دەهێڵێت، ئاشکرا نیە ئەگەر هەوڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارگرژییەکان دابێت
بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز رۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی جی7 سەردانی فرەنسای کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە فرەنسا هەوڵ دەدات بارگرژییەکەی نێوان تاران و واشنتۆن ئاسایی بکاتەوە.

وەرگێڕان: هێڤی فەرهاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure