چارەنووسی تابلۆی ژمارە 1988ی هەڵەبجە یەكلابووەوە

هەواڵ / ئابوری :: 26/08/2019‌ :: 1107‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

دوای ئەوەی بڕیاردرا كە تابلۆی ژمارە 1988ی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە نەفرۆشرێت و وەك هێمایەك بۆ ساڵی كیمیابارانی هەڵەبجە بمێنێتەوە، هاتوچۆی هەڵەبجە بڕیاریداوە هەر سێ‌ تابلۆی سپی و زەرد و سوری ژمارە 1988 لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دابنێت.

 

عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تایبەت بە فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی هەڵەبجەوە وادەی بانگەواز و فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە دیاریكرا، هاوكات بەهۆی ئەوەی تابلۆی ژمارە 1988 ئاماژەیە بۆ ساڵێك كە گەلی كورد و بەتایبەت هەڵەبجەییەكان یادەوەرییەكی تاڵیان هەیە لەگەڵیدا، بڕیارماندا كە هەرسێ تابلۆی (سپی، زەرد و سور)ی ئەو ژمارەیە هەڵدەگیرێنەوە و نافرۆشرێن و لە شوێنێكی تایبەت لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجە هەڵدەگیرێن.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: نەفرۆشتنی ئەو ژمارەیە لەسەر پێشنیازی ئێمە بووە و وەزارەتی ناوخۆش پێشنیازەكەی پەسەند كردووە، هاوكات رۆژی 27ی ئابی 2019 وەك رۆژی زیادكردنی ئاشكرا دیاریكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆكانی ژمارە (1) تا ژمارە (9).

 

بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو رۆژی 16ی ئەیلولی 2019 دەستدەكرێت بە فرۆشتنی تابلۆكان و بەشێكی داهاتەكەش بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە دەبێت.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure