ئه‌گه‌رى نه‌ناردنى بودجه‌ له‌ساڵى داهاتوودا بازاڕ رووبه‌ڕووى چى ده‌كاته‌وه‌؟

هەواڵ / ئابوری :: 26/08/2019‌ :: 560‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى سامان قوبادى

به‌هۆى نه‌ناردن و دواكه‌وتنى مووچه‌وه‌ بێ بازاڕیى زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه‌، به‌وته‌ى بازرگانان: ده‌نگۆى دواكه‌وتن و نه‌ناردنى بودجه‌ بۆ ساڵى داهاتوو، ئه‌وه‌نده‌یتر ترسى لاى هاووڵاتى و بازرگانان زیاد كردووه‌ و بازاڕى سست كردووه‌. سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكاران-یش ده‌ڵێت:"بۆ ئه‌وه‌ى جموجووڵ بكه‌وێته‌ بازاڕى سلێمانى-یه‌وه‌، پێویسته‌ پڕۆژه‌كانى ئه‌م شاره‌ به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌ و بودجه‌یان بۆ خه‌رج بكرێت".


حاجى مه‌جید مسته‌فا، بازرگانى بوارى خۆراك له‌ شارى سلێمانى، بۆ دواڕۆژ وتى:"به‌نسبه‌ت كاره‌كه‌ى ئێمه‌وه‌ كه‌ بازرگانیى خۆراكه‌، بازاڕ به‌ره‌وپێشچوونێكى ئه‌وتۆى به‌خۆوه‌ نه‌بینوه‌، به‌ڵكو ته‌نیا له‌سه‌ره‌تاى دابه‌شكردنى مووچه‌دا كه‌مێك خواست زیاد ده‌كات، پاشان بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 15 رۆژى هه‌ر مانگێك بازاڕ زۆر لاواز ده‌بێت و ئه‌و خواسته‌یشى كه‌ هه‌یه‌ به‌ڕێژه‌ى به‌رچاو كه‌مده‌بێته‌وه‌".

به‌ وته‌ى ئه‌و بازرگانه‌ى بوارى خۆراك، هۆكارى بازاڕسستیه‌كه‌ى سلێمانى په‌یوه‌ندیى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ شارێكى تره‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ "ململانێى سیاسى و حیزبى جموجووڵى بازاڕى ته‌واو لاواز كردووه‌، هه‌ولێر ئاڵوگۆڕى بازرگانیى به‌هێزى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ موسڵ و كه‌ركوك، بۆیه‌ بۆ فرۆشتنى كاڵاكانمان زیاتر پشت به‌ سلێمانى ده‌به‌ستین و لقیشمان كردووه‌ته‌وه‌". هاوكات بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى باس له‌ بڕینى مووچه‌ و خراپبوونى په‌یوه‌ندیى هه‌رێم و ناوه‌ند ده‌كه‌ن دڵه‌ڕاوكێى زۆرى له‌ناو بازرگان و فرۆشیار و كڕیار دروست كردووه‌ "واى كردووه‌ خواست و خستنه‌ڕوو به‌ڕێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مبێته‌وه‌ و فرۆشى ئێمه‌ له‌ سلێمانى به‌ڕێژه‌ى60% دابه‌زیوه‌".

ساڵانه‌ ئاستى بازرگانیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران، ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 6 ملیار دۆلار، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ توركیا ده‌گاته‌ 12 ملیار دۆلار، به‌ڵام به‌وته‌ى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكارانى هه‌رێم "كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆى ئێران و قه‌یرانه‌كه‌ى ئه‌و وڵاته‌، ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كه‌مكردووه‌ و كاریگه‌ریى راسته‌وخۆیشى له‌سه‌ر بازاڕى سلێمانى هه‌یه‌".

مسته‌فا شێخ عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكارانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت: "سلێمانى به‌ رووبه‌رێكى زۆر هاوسنوورى ئێران-ه‌ و په‌یوه‌ندیى به‌هێزى ئابوریمان هه‌یه‌، هه‌ندێك كاڵا هه‌یه‌ ئێران خۆى قه‌ده‌غه‌ى كردووه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت، چونكه‌ پێویستى ناوخۆى پێ پڕناكرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ى له‌ ئێران-دا هه‌یه‌ واى كردووه‌ بازاڕى سلێمانى-یش سست بێت، جگه‌له‌وه‌ دواكه‌وتنى مووچه‌ بازاڕى زۆر لاوازكردووه‌، ئه‌گه‌ر مووچه‌ له‌كاتى خۆیدا دابه‌شبكرێت بووژانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، چونكه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا هاووڵاتییان ته‌نیا خۆراك ناكڕن به‌ڵكو په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر ئه‌و كاڵایانه‌ى كه‌ له‌چه‌ند ساڵى قه‌یرانى داراییدا نه‌یانتوانیوه‌ بیكڕن، جگه‌له‌وه‌ پێویسته‌ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌".

به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ یاسایى بودجه‌ى گشتى عێراقدا 12.67%ه‌، به‌ڵام به‌غدا نزیكه‌ى 6 ملیار دۆلار ده‌نێرێت، داواكه‌وتنى مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌یش به‌ خراپبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند لێكدرایه‌وه‌، به‌ سه‌ره‌تاى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم داده‌نرا،  دواتر هه‌رێم بڕیاریدا به‌ راده‌ستكردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا و ناردنى وه‌فدێك بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستى دانوستاندن كه‌ به‌شێكى په‌یوه‌سته‌ به‌ بودجه‌ى 2020ه‌وه‌.

جگه‌ له‌ مووچه‌، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان به‌ هۆكارى سه‌ره‌كیى جووڵاندنى بازاڕ داده‌نرێت، به‌ڵام زیاتر له‌ چوار مانگ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و 100 ملیۆن دۆلاره‌ى حكومه‌ت بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رجى كرد، تائێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى تر نه‌دراوه‌ به‌ به‌ڵێنده‌ران و زۆربه‌ى پڕۆژه‌كانیش ده‌ستیانپێنه‌كراوه‌ته‌وه‌.

باقى محه‌مه‌د، بازرگانى بوارى كه‌ره‌سته‌ى بیناسازیى له‌ سلێمانى، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "هه‌تا بودجه‌ بۆ پڕۆژه‌كان ته‌رخاننه‌كرێت و ده‌ستپێنه‌كرێنه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا كه‌ مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت بازاڕ ناجووڵێت، ئه‌و مووچه‌یه‌ى مانگانه‌ دابه‌شده‌كرێت، به‌شێكى زۆرى هاووڵاتییان قه‌رزارن ناتوانن خه‌رجى بكه‌ن، هاوكات جیاوازیى له‌ خه‌رجكردنى بودجه‌دا ده‌كرێت له‌ نێوان سلێمانى و هه‌ولێر، پڕۆژه‌كانى سلێمانى پشتگوێخراون و بودجه‌یان بۆ ته‌رخان ناكرێت".

به‌وته‌ى باقى محه‌مه‌د: "هه‌واڵى بڕین یان دووباره‌ نه‌ناردنى بودجه‌ له‌ ساڵى داهاتوودا، هه‌روه‌ها خه‌مساردیى هه‌رێم به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كردنى كێشه‌كانى و راده‌ستنه‌كردنى نه‌وت، ترسێكى زۆرى لاى بازرگانان و هاووڵاتییان دروستكردووه‌، ئێمه‌یش ناتوانین خۆمان بخه‌ینه‌ به‌ر مه‌ترسى زیاتر و كاڵاى زۆر هاورده‌ بكه‌ین، به‌و پێیه‌ى ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دۆخى دارایى باشتر نه‌بێت، بۆیه‌ نه‌ناردنى بودجه‌ مه‌ترسیى گه‌وره‌ له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى جموجووڵى بازاڕى سلێمانى دروستده‌كات".

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure