وەزارەتی پێشمەرگە روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى هاوتاكردنى مووچه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 26/08/2019‌ :: 267‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: ناتوانین مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە هاوتای مووچەی وەزارەتی بەرگری عێراق بکەین، ده‌شڵێت: "وەزارەتی پێشمەرگە پارەیەکی زۆری ماوەی شەڕی داعش قەرزارە کە لە ساڵی 2015 بە دواوە خەرجیکردووە".


جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دواڕۆژی راگەیاند: "زیادکردنی مووچەی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوتاکردنی بە مووچەی وەزارەتی بەرگری عێراق لە توانای ئێمەدا نیە، چونکە ئەوە پێویستی بە نەسریە  و پارە هەیە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها جگە لەوەی دەبێت بڕیارێک دەربچێت بۆ زیادکردنی مووچەکان ئەوەش زۆر قورسە".

وتیشی: "تائێستا هیچ بڕیارێک نیە و ناتوانین مووچەکان زیادبکەین و هاوتای عێراقی بکەین، چونکە جگە لەوەی ئێمە ئێستاش قەیرانی داراییمان هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات پارەیەکی زۆر قەرزارین كه‌ هی ماوەی شەڕی داعشه‌ و لەدوای ساڵی 2015 بەهۆی بڕانی بودجەوە قەزرمان کردووە نەمانتوانیوە قەزرەکان بدەینەوە".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئێستا ئەولەویەتی ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە دانەوەی قەزەکانە، دواتر پلان و بەرنامەی تر دادەنرێت بۆ کۆمەڵێک پرس نەوه‌ک تەنیا مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە".

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure