15 کۆمپانیای ئەڵمانی دێنە هەرێمی کوردستان

هەواڵ / ئابوری :: 26/08/2019‌ :: 605‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، هانا چۆمانی


بڕیارە لەم هەفتەیه‌دا 15 کۆمپانیای ئەڵمانی جۆراوجۆر بێنە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێم ئەنجامبدەن، یەکێتی ژووره‌كانی بازرگانيش دەڵێت: "له ‌پیشانگەیه‌كدا سەرجەم كه‌لوپه‌له‌كانی خۆيان دەخەنەڕوو، بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵیان".


ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د، به‌ڕێوەبه‌ری راگه‌یاندنی یەکێتی ژووره‌كانی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: "ئاگادارکراوینەتەوە کە 15 کۆمپانیای بوارەکانی کەلوپەلی ناوماڵ، خواردەمەنی، ئەلیکترۆنییەکان، کارەبایی و جوانکاری وڵاتی ئەڵمانیا کە سەرجەمیان براندی جیهانیین دێنە هەرێمی کوردستان و سەردانی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ دۆزینەوەی هاوبەشی بازرگانی".

وتیشى: "(رۆژی سێشەممە 27ى ئاب)، شاندی ئەو 15 کۆمپانیایە دەگەنە هەرێمی کوردستان، له‌ ژووری بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان سەرجەم نمونەی کەلوپەلەکانیان نمایش دەکەن بۆ كۆمپانیا ناوخۆیییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هەمان رۆژیش دەتوانرێت گرێبەست ئەنجامبدرێت لەگەڵیان بۆ كڕینی كه‌لوپه‌له‌كانیان".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابوردوودا ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی، سعودی، ئێرانی، تورکی و ئیماراتی هاتنە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ساغکردنەوە و دۆزینەوەی هاوبەش و کۆمپانیاکان بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم و کەلوپەلەکانیان.

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە