پێوستیی منداڵ بە زانست و فێركردن

هەواڵ / چاوی تۆ :: 25/08/2019‌ :: 129‌ جار بینراوە

بیریڤان سورچی


ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین، سەردەمی زانست و زانیارییە، بۆیە زانست بە پێویستییەکی بنچینەیی ژیان دادەنرێت. مرۆڤ لەڕێگەی ئەم زانستەوە پێداویستیەکانی خۆی پێداویستی و خۆزگەی ئەندامانی خێزانەکەی دەستەبەر دەکات، جگە لەمە زانست و زانیاری رۆلی هەیە لە دروستکردن و پێگەیشتنی کەسێتێ مرۆڤدا، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە خێزانەکان لەڕووی شێوازی مامەلەکردن و هەڵسوکەوتیانەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بزانن چ شێوازێک دەگرنەبەر.

کۆمەڵێک خێزان هەن، هەڵسوکەوتێکی توندوتیژ و دڵڕەقی و هێز بەکاردەهێنن لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین رێژەی زانیاریی لە کەمترین کاتدا. ئەم خێزانانە لە قۆناغی پێش خوێندگە و باخچەی ساوایاندا دەست بە فێرکردنی منداڵەکانیان دەکەن. 

رێکخراوەکانی منداڵان لە جیهاندا، پرۆسەی فێرکردنی منداڵانی پێش تەمەنی شەش ساڵی، کە فێرکردنێکی سادە و بێ بەهرەیە، قەدەغەکردووە، بەڵام دایک و باوک دڵخۆش دەبن کاتێک منداڵەکانیان رێژەیەکی زۆری زانیاریی بێ بەها و وشەی زمانی ئینگلیزی ئەزبەرکردووە یان زانیاریی جوگرافی ئەزبەرکردووە، بەشێوەیەک کاتێک ناوی وڵاتێک دەهێنیت دەستبەجێ مناڵەکە ناوی پایتەختەکە دەهێنێت یان بە پێچەوانەوە. پێویستە دایک و باوک واز لەم شێواز و کردارە فێرکارییە بهێنن، چونکە هیچ سوودێک بە منداڵەکە ناگەینێت بەڵکو زیان بە داهاتووی منداڵەکە دەگەینێت.

ئەو خێزانانەی لە مامەڵەکردندا توندوتیژن لەسەر هەمان شێوازی خۆیان لە قۆناغەکانی داهاتووی منداڵەکان بەردەوام دەبن، شێوازەکانی نواندنی دڵڕەقیی لە دایانێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە، پەیڕەوکردنی شێوازی دانیشتن لەگەڵ منداڵدا و یارمەتیدانی بۆ نووسینەوە و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی خوێندنگەی، لە بنچینەدا کارێکی هەڵەیە، چونکە ئەم شێوازە وا لە منداڵ دەکات لەسەر ئەم ریتمە بەردەوام بێت و هەمیشە پشت بە کەسێکی دیکە ببەستێت. لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە دایک و باوک لێپرسینەوە لەگەڵ منداڵەکانیدا نەکات بەڵکو پێویستە دایک و باوک هەمیشە ئاگاداری خوێندن و ئاستی فێربوونی مناڵەکەیان بن بە شێوازێک لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا زۆر یارمەتی بدرێت تا لەگەڵ خوێندن و کۆششکردن رادێت و دەیکات بە بەش و بەرنامەیەک لە ژیانی رۆژانەی خۆی و بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت. لە قۆناغەکانی دیکەدا پێویستە وا فێربکرێت کە لەهەر بابەتێک تێنەگەیشت یان پێویستی بە روونکردنەوە هەبوو ئینجا داوای یارمەتی لە گەورەکان بکات، پێویستە لەم خاڵەدا زۆر لە منداڵ نەکرێت، چونکە لەڕێگەی یارمەتیدانی منداڵ بۆ کۆششکردن دەتوانرێت فێربکرێت کە بۆ شیکارکردنی وانە زانستییەکان رێگەی دیکەیش بەکاربهێنرێت یان لە وانە ئەدەبیەکاندا بێجگە لەو بابەتەی لە پڕۆگرامەکەدا هاتووە پرسیاری دیکە لە منداڵ بکرێت بۆ ئەوەی خۆی بە دوای وەڵامدا بگەڕێت، یاخود سەرچاوەی تایبەت بەو بابەتەی بخرێتە بەردەست ئەگەرچی لەوانەیە هەموو دایک و باوکەکان لەو ئاستی زانیارییەدا نەبن، بەڵام ئەمە ئەرکێکی سەرشان و بنچینەیی مامۆستا بەڕێزەکانە.

خاڵێکی دیکە ئەوەیە منداڵەکە لەو ئاستەدا بێت کە ئەم ئەرکە یاخود بەدواداچوونی زیاتر بۆ وانەکانی بکات و بیر لەڕێگە و شێوازی نوێ بکاتەوە، بەشێوەیەک کە کارنەکاتە سەر کۆششی وانەکانی دیکە و کاتی یاریکردن و حەوانەوەی لێ داگیربکات.
 
ئەم شێوازە لە پەروەردەکردنی منداڵ، هۆکارێکە بۆ پشتبەستنی منداڵ بە ئاست و بیرکردنەوەی خۆی و هەر لەسەرەتاوە هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و هۆگربوونی منداڵ بە زانست و زانیاری. پێویستە لەسەر خوێندنگە و خێزانیش گرنگیی بە وانەکانی وەرزش و مۆسیقا و وێنەکێشان و جۆرەکانی دیکەی هونەر بدرێت، دەتوانرێت لەم رێگەیەوە منداڵ هانبدرێت، چونکە لەکاتی خوێندنی ئەم وانانەدا منداڵ هەست بە ئاسوودەیی دەکات بە مەرجێک لایەنی پڕاکتیکی و فێرکردن هەموو منداڵەکان بگرێتەوە .

دایک و باوک دەتوانن لەگەڵ پسپۆڕانی بواری پەروەردەکردنی منداڵ و پسپۆڕە دەروونیەکان و توێژەرە کۆمەڵایەتیەکان بەردەوام گفتوگۆ بکەن و لە پەیوەندیدابن، چونکە لەوانەیە گرنگترین و هەستیارترین و پیرۆزترین ئەرکی سەرشانی دایک و باوکان، کە پەروەردەکردنی منداڵە، هەڵەیەکی تێدا بێت و ئەو هەڵەیە لە کەسایەتی منداڵدا دەردەکەوێت، بەرئەنجامی ئەو هەڵانە لەناوبەر و تێکشکێنەری بەنرخترین سامانی مرۆڤە.
پ: ل. م




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure