ئاینده‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی هەرێم نادیارە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 4296‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانتارێكى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات: ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ هه‌رێم تا مانگى ئه‌یلول له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتن نه‌كات، ئه‌وا مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم ئاینده‌یه‌كى نادیارى هه‌یه‌.


جه‌مال كۆچه‌ر، ئەندامی لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ی ئابی 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئاینده‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا نادیاره‌.

وتیشی: "ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم تا كۆتایى مانگى ئه‌یلولى داهاتوو رێكکه‌وتنى فیعلى نه‌كات و له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى نه‌گاته‌ ئه‌نجام و به‌و رێكکه‌وتنه‌وه‌ پابه‌ند نه‌بێت، ئه‌وا كێشه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ بۆ هه‌رێم دروست ده‌بێت، ته‌نانه‌ت بۆ شاندى دانوستانكاریش كێشه‌ دێته‌ پێش، بۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌ كورده‌كانى ناو حكومه‌تى فیدراڵى".

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: عه‌ره‌به‌كان زۆر توڕه‌ن له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى هه‌رێم، هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى ئاینده‌مان له‌ پێشه‌، ئه‌وكاته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌چنه‌ حاڵه‌تى ئۆپۆزسیۆن، پرسى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى باڵا ده‌بێتە بابه‌تى موزایه‌ده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئێستا عه‌ره‌به‌كانى عێراق باوه‌ڕیان به‌ سیاسییه‌كانى كورد نه‌ماوه‌، دوایى ده‌شڵێن، ئێمه‌ له‌ 2019 رێكکه‌وتنمان كردووە، پاره‌مان نارد و ئێوه‌ش پابه‌ند نه‌بوون.

ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا سیاسى عێراق دابه‌شبووه‌ بۆ دوو جه‌مسه‌ر، جه‌مسه‌رى حوكمڕانى له‌گه‌ڵ هه‌ندێك حیزبى كوردستانى كه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌مووشت له‌ نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن، جه‌مسه‌رى دووه‌م كه‌ جه‌مسه‌رى ئۆپۆزسیۆنە، حه‌زى لێیه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بڕوخێنێت، حه‌زده‌كات كێشه‌ و گرفتى بۆ دروست بێت، ئه‌و جه‌مسه‌ره‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مجاره‌ قبوڵناكات ئه‌و رێكکه‌وتنانه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ هه‌رێم، هه‌ڵبژاردنه‌كانیش جه‌مسه‌رى ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ به‌هێزتر ده‌كات.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure