كۆنگرەی یەكێتی بەتەوافوق دەبێت

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 573‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ

پاش نۆ ساڵ لە ئەنجامدانی كۆنگرەی سێیەمی خۆی، چاوەڕێدەكرێت كۆتایی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ساڵی ئایندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت.

سەرچاوەیەكی تایبەت بە دواڕۆژی راگەیاند "بەستنی كۆنگرە بۆ یەكێتی كارێكی كردەنی و لە هەمان كاتیشدا پێویستە".

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند "گۆڕانكارییەكانی هەرێم لەڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەوە گەیشتوونەتە قۆناغێكی تایبەت كە پێویست دەكات حیزبەكان سیاسەت و هەڵوێستی دیاریكراو و هاوئاهەنگییان بەرامبەر هەبێت لەبارودۆخێكدا كە رەنگدانەوەی ململانێ جیهانییەكان راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئیداری هەرێم دەبێت".

سەرچاوەكەی دواڕۆژ وتی: "لەهەموو لایەنێك زیاتر كە پێویستی بە كۆنگرەیە، یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە تووشی دۆخێكی ناهەموار بووە لەڕووی ژیانی رێكخراوەیی و سەرچاوەكانی هێز و بڕیاردا".

لەڕووی چۆنێتی كۆنگرەكەوە ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی راشیگەیاند "بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی-دا وادەی كۆنگرە دیاری بكرێت كە بە ئەگەرێكی زۆرەوە دەكەوێتە سەرەتاكانی ساڵی ئایندە، هەرچەندە ئەگەر هەیە بخرێتە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "مێژووی دوورودرێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەمان بۆ بەرجەستە دەكات لەم قۆناغەشدا پێویستە هەر بە تەوافوق و رێككەوتن كۆنگرە بەئەنجام بگەیەنرێت، چونكە سروشت و پێكهاتەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەجۆرێكە لە وردەكارییەكاندا چەندین بۆچوون و جیهانبینی جیاوازی هەیە جگە لەدابەشبوونی ناوەندەكانی هێز".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت: "جیابوونەوەو تۆراندنی هیچ كەس و لایەنێك لەبەرژەوەندی یەكێتی نییە و هەر پێویستە بەتەوافوق كارەكان بەڕێوەببرێن و ئەمە راستییەكە پێویستە هەموومان بیزانین".

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، كاتی خۆیشی سەرۆكی كۆچكردوو جەنابی مام جەلال هەر بە تەوافوق كۆنگرە و كۆنفرانسەكانی بەڕێكردووە، ئیتر چۆن لەم قۆناغە چارەنووسییەی ئێستادا دەكرێت بەبێ لێكتێگەیشتن و تەوافوق چارەنووسی یەكێتی بدرێتە دەست نادیار.

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure