جه‌نگی ساردی سه‌له‌فییه‌كانی كوردستان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4567‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سه‌له‌فییه‌كانی كوردستان له‌ ئێستادا بوون به‌ دوو به‌ره‌وه‌، به‌شێكیان مه‌دخه‌لی و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌یان جیهادین، وه‌ك باس ده‌كرێت مه‌دخه‌لییه‌كان له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نه‌رمونیانن و حیزبه‌ عه‌لمانییه‌كانی ده‌سه‌ڵات پشتیوانیان ده‌كه‌ن.


ئه‌ندامێكی سه‌ر به‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ سه‌له‌فییه‌ مه‌دخه‌لییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدان و به‌وه‌ ناسراون كه‌ هه‌میشه‌ پشتیوانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

ته‌نانه‌ت له‌ ماوه‌ی رابوردوودا له‌ پرسیارێكدا ده‌رباره‌ى مانه‌وه‌ی بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌ی، عه‌بدولـله‌تیف سه‌له‌فی ده‌ڵێت: "وه‌لی ئه‌مری، ئه‌وه‌یه‌ دیاره‌ خوا ویستی له‌سه‌ر بووه‌و بووه‌ته‌ وه‌لی ئه‌مری خه‌ڵك".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان باسی له‌وه‌شكرد: ئه‌و مه‌دخه‌لییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتن و زیاتر له‌سه‌ر مه‌نهه‌جی شێخ محه‌مه‌د بن ساڵح عوسه‌یمین و هه‌ندێك له‌ زاناكانی سعودیه‌ ده‌ڕۆن، سه‌له‌فییه‌ جیهادییه‌كانیش له‌سه‌ر مه‌نهه‌جی محمد عه‌بدولوه‌هاب-ن دامه‌زرێنه‌ری رێبازی وه‌هابیه‌ت.

مه‌دخه‌لییه‌كان كه‌ عه‌بدولـله‌تیف سه‌له‌فی رابه‌رایه‌تیان ده‌كات، جیهادییه‌كان به‌ لاده‌ر له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌ ئه‌هلی كوفر ناویان ده‌به‌ن.

جیهادییه‌كانیش كه‌ به‌لای مه‌دخه‌لییه‌كانه‌وه‌ به‌ خه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كه‌ی سه‌له‌فییه‌كان ناسراون، ده‌ڵێن "مه‌دخه‌لییه‌كان پێچه‌وانه‌ی قورئان و سووننه‌ت و فه‌رمووده‌كان دیندارى ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن ئایین نییه‌ وه‌كوو خۆی".

پێش دوو ساڵ ده‌نگێكی عه‌بدولـله‌تیف سه‌له‌فی رابه‌ری ره‌وتی مه‌دخه‌لییه‌كان بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كچێكدا قسه‌ ده‌كات، جیهادییه‌كانیش ئه‌مه‌یان به‌ هه‌ل زانی و له‌ عه‌لمانییه‌كان زیاتر هێرشیان كرده‌سه‌ری.

ئێستا كه‌ وه‌ك ده‌وترێت ده‌نگی مه‌لا هه‌ڵۆ كه‌سایه‌تی دیاری سه‌له‌فیه‌ جیهادییه‌كان له‌گه‌ڵ كچێكدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌و تائێستا خودی ناوبراو پشتڕاستی نه‌كردووه‌ته‌وه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردووه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ سه‌له‌فیه‌ مه‌دخه‌لییه‌كان هێرشیان بۆ سه‌ری ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ وتاره‌كانیاندا خۆیان دانی پێدا ده‌نێن، ته‌نانه‌ت مه‌لا هه‌ڵۆ دواى ئه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ند ماریا هه‌ورامی، له‌ وتارێكدا به‌ توندی جگه‌ له‌وه‌ی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر راگه‌یاندنه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی، ده‌ڵێت: "كۆمه‌ڵێك لایه‌ن و گروپ و په‌یجی به‌ناو ئیسلامی به‌رده‌وام به‌نزینیان ده‌كرد به‌ ئاگره‌كه‌دا و یه‌كه‌م كه‌سیش بوون ئه‌و ده‌نگه‌یان بڵاوكرده‌وه‌".

مه‌لا هه‌ڵۆ هه‌ر له‌و وتاره‌یدا وتی: "هه‌ندێك به‌ناو ئیسلامی جنێویان پێده‌دام و ئه‌و هه‌له‌یان ده‌قۆزیه‌وه‌ بۆ سووكایه‌تیكردن به‌ من و ته‌كفیریان ده‌كردم، كه‌ ئه‌وه‌ش كارى ئه‌حمه‌قه‌كانه‌".

جگه‌ له‌وه‌ی له‌ وتاردان و په‌یامه‌كانیان جیاواز بیرده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ مزگه‌وتیشدا دوو جۆرن و هه‌ر به‌ره‌یه‌كیان مزگه‌وتی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌و لایه‌نگر و كادیره‌كانیان به‌ جیا ده‌چن بۆ ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی كه‌ مه‌لا و وتاربێژه‌كه‌ی له‌به‌ره‌كه‌ی خۆیانه‌.

ئەوەی بەدیدەکرێت تاڕادەیەک جیهادییەکان توندترن، هێرش دەکەنە سەر هونەر و مۆسیقا و فیلم و دراما، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی هاوڕێیەتی "کافر"ێک دەکات و بە بێ ئیمان و کافر ناوی دەبەن و نابێت هاوڕێیەتی ئەوانە بکەن.

سەلەفییەکان بڕوایان بە تاک دانانی خودا ھەیە (یەکتاپەرستی) "التوحید"، ھەموو جۆرێکی پەرستن (وەکو پەناگرتن، ھاوارکردن، پشتبەستن، قوربانیکردن، نەزرکردن، نوێژکردن، ڕۆژووگرتن، پاڕانەوە و ھەموو پەرستنەکانی تر) بۆ بێجگە لە خودا بە ھاوەڵ دانان بۆ خودا دەزانن کە ئەمەش بە بنچینەیەکی ئایینی ئیسلام دادەنێن.

ئەوان ھەموو جۆرە حیزبایەتییەکیان بەلاوە دروست نییەو لایان وایە کە پێویستە موسڵمانان ھەموویان یەکڕیزبن و نەبن بە گروپ و حیزب، له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر خۆیان بوون به‌ چه‌ند گروپێكه‌وه‌و هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتری.

لە ئێستادا سەلەفییەكانی ناوچه‌كه‌ بەسەر هەردوو بەرەدا دابەشبوون، یەكەمیان لە لایەن ڕەبیع بن هادی مەدخەلی و دووەمیشیان لە لایەن عەلی حەلەبی رابه‌رایه‌تی دەكرێن، هەردووكیان له‌ ململانێیەكی سەختدان، هه‌رێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەو ململانێ نێوخۆییەی سەلەفییەكان.

لە بەیاننامەیەكدا رائید ئالتاهیر كە سەلەفییەكی دیاری عێراقیە، دەڵیت "باوكی حەق (عەبدولـلەتیف ئەحمەد سه‌له‌فی) دەستبەرداری مەنهەجی سەلەفی بووەو پەیڕەویی لە بنەماكانی ئەهلی مومیع دەكات و تانەی لە هەردوو شێخ رەبیع و شێخ عوبێد خوا بیانپارێزێت، داوە".

ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان بوون به‌ چه‌ند به‌ره‌یه‌كه‌وه‌، به‌ڵام دوو به‌ره‌یان به‌هێزو دیارن و لایه‌نگر و هه‌واداریان زۆره‌، ئه‌وانیش مه‌دخه‌لی و جیهادییه‌كانن، له‌ جه‌نگی سارددان.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure