یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 663‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌و كۆمه‌ڵێك پرسی "گرنگ" تاووتوێ ده‌كه‌ن.

له‌باره‌ی دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ده‌سته‌به‌كاربوونی چه‌ند سه‌رۆك ده‌سته‌یه‌ك و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری به‌غدا و دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و چه‌ند پرسێكی دیكه‌، پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆده‌بێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ نزیكترین كاتدا، پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان به‌ جیا كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا یاخود له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا بكرێت و كۆمه‌ڵێك پرس یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: "كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست نه‌بووه‌ تاكو نه‌توانن بگه‌نه‌ رێكکه‌وتن".

تا ئێستا له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت دیارینه‌كراوه‌ كه‌ پێشتر و له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ دیاریكرابوو، هه‌روه‌ها تائێستا فەرمانی راسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری نێوان هەرێم و بەغدا ده‌رنه‌كراوه‌ كه‌ خالید شوانی كاندیدی یه‌كێتییه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، به‌هه‌مانشێوه‌ش فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوون بۆ ره‌وه‌ند مه‌حمود ده‌رنه‌كراوه‌ كه‌ لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ كاندیدكراوه‌ بۆ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ لە دانانی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كێتی، هه‌ردوو لایه‌ن رێكه‌وتبوون، به‌ڵام تائێستا رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت پۆستی سه‌رۆكی ده‌زگای گشتیی مین و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كانی دیوان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی (كشتوكاڵ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، رۆشنبیری و پێشمه‌رگه‌) و شه‌ش بریكاری وه‌زیر و ئه‌و پۆسته‌ به‌تاڵانه‌ی كه‌ له‌ كابینه‌ی رابوردوو پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌ و پشكی یه‌كێتین، چاره‌سه‌ر بكات.

پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure