بۆ ئەوەی نەبێتە کەنیزەکی داعش به‌ شفره‌ی ریشتاشین خۆى كوشت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/08/2019‌ :: 9749‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

پێنج ساڵ بەسەر‌ ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ ناخۆشەدا‌ تێپه‌ڕده‌بێت كە جه‌یلان-ى 19 ساڵ، بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌نه‌دات چه‌كدارانى داعش لێى نیزیك ببنەوە و ناموسى بشكێنن، له‌ناو (گەرماو)دا و به‌ شفره‌ى ریشتاشین خۆى كوشت و دواتر بووه‌ هێماى ئازایه‌تى و پاكیى كچى كوردى ئێزدى.

له‌ناو سه‌رشۆرێك له‌ قه‌زاى به‌عاج خۆی كوشت

جه‌یلان برجس نایف، كچە ئێزدیى خه‌ڵكى كۆمه‌ڵگەى (گرعزێر)، له‌دایكبووى 1995 و قوتابى پۆلى پێنجى ئاماده‌یى به‌شى زانستى بوو، كاتێك لە 20/8/2014 چه‌كدارانى داعش پێیانووت بڕۆ له‌ گەرماو خۆت بشۆ، چونكە تۆمان به‌ چه‌كدارێك فرۆشتووه‌ و ده‌بێت بچیته‌ لاى، لێره‌ جه‌یلان هه‌موو بیرى ده‌چێته‌ لای ناموس و سه‌نگى كۆمه‌ڵگەى ئێزدیاتى و دایك و باوكى، ئیتر بڕیارده‌دات به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازیى نه‌بێت ده‌ستدرێژیى بكرێته‌سه‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ناو گەرماوێکدا له‌ قه‌زاى به‌عاج و به‌ شفره‌ى ریشتاشین كۆتایى به‌ ژیانى خۆى ده‌هێنێت و مێژوویه‌ك بۆ خۆى و هه‌موو ژنانى ئێزدى تۆمار ده‌كات.

جه‌یلان رازی نه‌بووه‌ چاره‌نووسى به‌ چه‌كدارێكى داعش-وە ببه‌سترێت
داود موراد، لێكۆڵه‌رى كۆمه‌ڵگەى ئێزدیاتى، له‌سه‌ر چیرۆكى ئه‌م كچه‌ كه‌ بووته‌ هێماى پاكیى، به‌ دواڕۆژی وت: "چه‌كدارانى داعش به‌ هه‌موو توندى و بێڕه‌وه‌شتى خۆیان ویستیان كچانى ئێزدى له‌ هه‌موو شتێك كۆتایى بێنن و بۆ مه‌رامى پیسى خۆیان به‌كاریان بهێنن، هیچكاتێك گوێیان به‌ داواكارى و پاكیى و ته‌مه‌نى بچووكیان نه‌داوه‌، ته‌نیا لاشەى كچى ئێزدى بۆیان گرنگ بووه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو جوانییه‌كیان تێكدا، ژیانیان بۆ ئه‌و گوڵانه‌ كرد به‌ دۆزه‌خ، به‌ڵام جه‌یلان-ی ته‌مه‌ن 19 ساڵان به‌رامبه‌ر ئه‌وان شكستی نه‌هێنا و خۆى چاره‌نووسى خۆى دیاریكرد و جیهانى ئاسمانى هه‌ڵبژارد".

داوا له‌ 15 كچى ئێزدى كرا كه‌ "بڕۆنه‌ گەرماو، چونكە ئه‌مڕۆ هه‌مووتان ده‌بنه‌ بووك"
جه‌یلان و هاورێكانى چیرۆكێكى ناخهه‌ژێنیان هه‌بووه‌ "بڕیارێك له‌ سه‌ركردایه‌تى داعش له‌ موسڵ هات كه‌ هه‌ر چه‌كدارێك سێ كچى جوان له‌ زیندانى بادۆش بۆ خۆى ده‌ستنیشان بكات و كچانی تر بۆ ناوچه‌كانى ترى موسڵ بهنێرێن و دواتر به‌شێكی دیکەیان بۆ به‌عاج و سوریا نێردران، له‌ به‌عاج  15 كچى ئێزدى له‌ ناو خانوویه‌كى گه‌وره‌ له ‌نزیك قوتابخانه‌یه‌ك هه‌ڵگیران و داوایان لێكرا جلى خۆیان ده‌ربێنن و بچنه‌ گەرماو خۆیان پاك بكه‌نەوە، بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر چه‌كدارانى داعشدا بیانبەخشنەوە".

جه‌یلان: كێ مۆڵه‌تی پێداون ئێمه‌ بكه‌نه‌ موڵكى خۆتان؟!
لێره‌ ناڕه‌زایه‌تى كچانى ئێزدى ده‌ستپێده‌كات، سه‌ره‌تا جه‌یلان به‌ به‌رپرسى چه‌كدارانى داعش كه‌ ناوى ئه‌بوموسا خه‌ڵكى به‌عاج بووه،‌ ده‌ڵێت: "كێ مۆڵه‌تی پێداون ئێمه‌ بكه‌نه‌ موڵكى خۆتان؟، ئه‌بو موسا ده‌ڵێت: "تۆ و هه‌موو هاوڕێكانت موڵك و سه‌بایاى چه‌كدارانى داعشی‌ خەلافه‌تن، جه‌یلانیش وه‌ڵامى ده‌داتەوەو دەڵێت كه‌سوكارى ئێمه‌ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵتان‌ نه‌كرد، چونكە ئاشتیمان ویستووه‌، ئیتر چۆن ده‌توانن ئێمه‌ وه‌ك سه‌بایه‌ى شه‌ڕ وه‌ربگرن؟"، چه‌كداره‌ داعشەکە‌ پێیوتووە ئێمه‌ له‌ 3/8/2014 شنگال-مان داگیركرد و رێژه‌یه‌كى زۆر پاره‌ و زێر و كچ و ژنمان ده‌ستكه‌وت".

جه‌یلان رازیى نه‌بووه‌ جله‌كانی دابكەنێت و بچێته‌ گەرماو، به‌ به‌رپرسى چه‌كداره‌كان ده‌ڵێت: "من ناچمه‌ گەرماو"، دواى كاتژمێرێك كه‌ سەرەى جه‌یلان دێت و ناچێته‌ ژوورەوە، چه‌كداره‌كه‌ پێى ده‌ڵێت: "ئه‌ى چۆن به‌م جلانەوە‌ ده‌بێته‌ بووكى چه‌كدارێكى ئێمه‌؟"، جه‌یلان وه‌ڵامى ده‌داتەوەو دەڵێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابمه‌ بووكى چه‌كدارێكى پیسى داعش".

به‌ زۆره‌ملێ‌ جه‌یلان-یان برده‌ ناو گەرماو
جه‌یلان به‌رده‌وام به‌رگرى ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت: "هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرمه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بمه‌ بووكى چه‌كدارى ئێوه، به‌ڵام به‌ زۆره‌ملێ و راكێشان بردیانه‌ ناو گەرماوەکەو ده‌رگاكه‌یان لێداخست، دواى چارەکە كاتژمێرێك پاسه‌وانى گەرماوەکە پێیدەزانێت كه‌ جه‌یلان به‌ شفره‌ى ریشتاشین ره‌گى ده‌ستى خۆى بڕیوه‌و خۆى كوشتووه‌".

ریگه‌ناده‌ن جه‌یلان له‌ گوڕدا بنێژرێت
خوشکێكى بچووكى جه‌یلان، به‌ ناوى (جیهان) كه‌ ته‌مه‌نى 10 ساڵ بووه،‌ به‌ گریانه‌وه‌ و له‌ ته‌نشت ته‌رمى خوشكەکەى ده‌ڵێت: "خوشكەکەم چۆن منت به‌ ته‌نیا له‌ده‌ست ئه‌م چه‌كدارانه‌ جێهێڵا؟ چۆن ده‌توانم له‌ ژیان به‌رده‌وام بم؟". جیهان داوا ده‌كات تەرمی خوشكەکەى له‌ ناو گۆڕێك و له‌ شوێنێكى دیار بنێژرێت، بەڵام ئه‌بو عه‌بدوڵڵا كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌رپرسانى داعش، رازیى نابێت و ده‌ڵێت: "ئه‌م كچه‌ شایانى ناشتن نییه‌، ده‌بێت گیانه‌وه‌ران لاشه‌كه‌ى بخۆن".

جه‌یلان برجس، رێگه‌ی نه‌دا ناموسى بشكێنن و پاكیى خۆى پاراست، ئێستا بووه‌ته‌ هێماى ئازایه‌تى و پاكیى كچى كوردى ئێزدى. 

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure