رونکردنەوەیەک لە حكومه‌تی هه‌رێمەوە دەرباره‌ی بەردەوامیی مووچە

هەواڵ / ئابوری :: 24/08/2019‌ :: 4635‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ئاماده‌كارییه‌كانی راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ به‌غدا تاكو ئێستا ته‌واو نه‌بووه‌، ده‌ڵێت: "تا كۆتایی 2019 ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت". 

(ئەمڕۆ شەممە 24ی ئابی 2019) سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پرسی راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غدا كاتی پێویسته‌ و ئاماده‌كارییه‌كانیش وه‌ك پێویست نه‌كراوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ دراوه‌. 

وتیشی: "ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا هه‌ن كه‌ كار له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غدا ده‌بێت شایسته‌ داراییه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت". 

دزه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: چه‌ندین لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ دۆسیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێكهێنراوه‌و له‌ ئێستاشدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا به‌ره‌وپێشەوه‌چوونی به‌خۆیەوه‌ بینیوه‌و له‌ رۆژانی داهاتوودا سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر پرسی ئه‌منی، نه‌وت و بودجه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ن.

ناوبراو دڵنیاییشی-دا كه‌ تا كۆتایی 2019 ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و بۆ 2020یش گفتوگۆ و رێككه‌وتنی تر ئه‌نجام ده‌درێت. 

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە، سەفین دزەیی وتی: "مووچەو بودجە ساڵانەیە كە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان دراوە، ئەوە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت".

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure