هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى عه‌بادى پاڵپشتى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 24/08/2019‌ :: 218‌ جار بینراوە
عادل عه‌بدولمه‌هدى و حه‌یده‌ر عه‌بادى

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانتارێكى ئیئتلافى نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: هێشتا حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ساڵێك ته‌مه‌نى ته‌واو نه‌كردووه‌، ئه‌وانیش هێشتا پاڵپشتى ده‌كه‌ن.


نه‌دا شاكر، په‌رله‌مانتارى ئیئتلافى نه‌سر (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ى ئابى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێمه‌ یه‌كه‌مین ئۆپۆزسیۆنى ته‌قویمى بووین بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا یه‌كه‌مین پاڵپشتیكارى حكومه‌ته‌كه‌ى بووین، هه‌روه‌ها سه‌رپشكمان كرد له‌ كارى پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌یدا، به‌و چوارچێوه‌یه‌ى كه‌ ئێمه‌ به‌ دروستى ده‌زانین كه‌ دورگرتنه‌ له‌ پشكپشكێنه‌ى تایه‌فى.

وتیشى: "دواتریش كه‌ لێكتێنه‌گه‌یشتن و ناڕوونى دروستبوو، هه‌ر به‌ پاڵپشت و هاوكارى حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ماینه‌وه‌، هه‌ر به‌وجۆره‌ش ده‌مێنینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ڕێگه‌ى راست و دروستدا بڕوات، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و شوێن و ناوچانه‌ى پێنیشان ده‌ده‌ین كه‌ لاوازى و كه‌موكوڕى و كێشه‌یان تێدایه‌، به‌مه‌به‌ستى چاككردن و چاره‌سه‌ركردنى، به‌رده‌وام ده‌ستى ده‌گرین، بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى ئه‌و به‌ ئاراسته‌ى دروستدا ده‌ینێت".

نه‌دا جه‌ختیشیكرده‌وه‌: هیچ نیازێكمان نییه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ بخه‌ین و حكومه‌تێكى تر بهێنین، حكومه‌ت پێكهێنراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پاڵپشتى یه‌كترى بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ش بۆ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و حكومه‌ته‌ هێشتا ساڵێك ته‌مه‌نى پڕنه‌كردووەته‌وه‌، كابینه‌كه‌ى به‌ته‌واوى پێكنه‌هێنراوه‌، ناكرێت حوكمى ئه‌وه‌ى به‌سه‌ردابده‌ین كه‌ شكستیهێناوه‌، كێشه‌كه‌ لاى عادل عه‌بدولمه‌هدى نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌ پڕۆسه‌ى پشكپشكێنه‌ى قه‌واره‌ سیاسییه‌كاندایه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ پێكهێنانى وه‌زیره‌كانى به‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدیدا سه‌پاند.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure