له‌ رووداوێكى هاتوچۆدا منداڵێك گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 23/08/2019‌ :: 354‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

سه‌رله‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 23ى ئاب، له‌ ئه‌نجامى رووداوێكى هاتوچۆدا له‌ نزیك بازگه‌ى ئاسایشى ناحیه‌ى خورماڵ، منداڵێكى ته‌مه‌ن چوار ساڵ گیانى له‌ده‌ستدا كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا به‌ مه‌به‌ستى گه‌شتكردن روویان له‌ سه‌یرانگاى ئه‌حمه‌د ئاوا كردبوو.

ڕائید به‌رزان عوسمان، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "سه‌رله‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ منداڵێكى ته‌مه‌ن چوار ساڵ كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا به‌مه‌به‌ستى گه‌شتكردن هاتبوونه‌ ناوچه‌ى هه‌ورامان له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یاندا له‌ نزیك بازگه‌ى ئاسایشى خورماڵ ئۆتۆمبێل لێى ده‌دات و دەیشێلێت، به‌ بریندارى ده‌گه‌یه‌نرێته‌ مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى خورماڵ".

وتیشى: "به‌هۆى سه‌ختى برینه‌كه‌یه‌وه‌، منداڵه‌كه‌ گیانى له‌ده‌ستدا كه‌ خێزانه‌كه‌ى دانیشتووى شارى سلێمانى گه‌ڕه‌كى رزگارین، هاوكات شۆفێرى ئۆتۆمبێلكه‌ش به‌ بڕیارى دادوه‌ر به‌ گوێره‌ى ماده‌ى 24ى هاتوچۆ ده‌ستگیر كراوه‌".

وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلسى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "په‌ڕاوى لیكۆڵینه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و ته‌رمى منداڵه‌كه‌ش ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌".
پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure