بەڕەسمی گەیشتنی پارەی بەغدا بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران راگەیەندرا

هەواڵ / کوردستان :: 22/08/2019‌ :: 12105‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ

بەڕێوەبەری لقی هەرێمی بانکی ناوەندی زانیاری لەسەر گەیشتنی پارەی بەغدا بۆ دابەشکردنی مووچە ئاشکرادەکات.


عابد مزووری، بەڕێوەبەری لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق (ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئابی 2019) لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی: "لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئاگادارکراوینەتەوە كه‌ ئەمڕۆ فەرمانی خەرجکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمان بەدەستدەگات".

تایبەت بە گەیشتنی بڕە پارەکەش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە پارەی پێویستمان لەبەردەستە تەنیا فەرمانی خەرجکردنی ماوه‌، ئەمڕۆ ئەو فەرمانەمان بەدەستدەگات.

هاوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی: "دوای گەیشتنی پارەکەی بەغدا هەفتەی داهاتوو مووچەی زۆربەی وەزارەت و دەستەکان دابەشدەکرێت".

پێشتر ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاندبوو: ماوه‌ى دوو رۆژە به‌دواداچوونمان له‌سه‌ر ناردنى پاره‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ كردووه‌، وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى دارایى له‌ زارى وه‌زیرى داراییه‌وه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و هیچی دیکەمان پێناڵێن.

ئاماژەی بەوەشکردبوو: كێشه‌یه‌ك له‌ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم هه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا وه‌زیرى دارایى و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یزانن و زانیارى زیاتریش له‌وباره‌یه‌وه‌ ناده‌ن به‌ كه‌س، به‌ڵام نازانرێت ئه‌و كێشه‌یه‌ ته‌كنیكییه‌ یاخود سیاسییه.‌

ئامادەکردن: رێباز
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure