سكاڵا دژی ئاسایشی هه‌ولێر تۆماركرا

هەواڵ / کوردستان :: 22/08/2019‌ :: 1056‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی رێكخراوی زار بۆ به‌رگریی له‌ ئازادییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت: "بڕیار محه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسی ده‌زگای رۆژنیوز، له‌ ده‌رەوه‌ی یاسا ده‌ستگیركراوه‌، بۆیه‌ دژی ئاسایشی هه‌ولێر سكاڵایه‌كمان تۆماركردووە".


به‌هزاد موحسین، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی رێكخراوی زار بۆ به‌رگریی له‌ ئازادییه‌كان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ی ئابی 2019) به‌ دواڕۆژی وت: "ئاسایشی هه‌ولێر له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا، بڕیار محه‌مه‌د-ی په‌یامنێری ده‌زگای میدیایی رۆژنیوز-ی له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركردووه‌، بۆیه‌ دژی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سكاڵایه‌كمان دژی ئاسایشی هه‌ولێر تۆماركرد".

لە راگەیەنراوێكی رێكخراوەكەیشدا هاتووە: "ئەم هەڵسوکەوتەی ئاسایش بەرامبەر (بڕیار محەمەد)ی هاوکارمان لە دەرەوەی یاسایە، ئه‌گەر ناوبراو لە شوێنێک یاساشکێنی کردبێت، دەبوو ئەم کەیسە رادەستی پۆلیس کرابا. مانگێک لەمەوبەر هەمان رەفتار لەلایەن ئاسایشەوە بەرامبەر (زوبێر برادۆستی)ی رۆژنامەنووس ئەنجامدرا و ماوەیەک پێشووتریش خەڵکانێک لەسەر بیروڕای سیاسی دەستگیرکران و تائێستا سەرەداوێک لە کەیسەکەیان دیارنییە".

لای خۆیەوە، محه‌مه‌د گۆمه‌شینی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی وت: "نابێت هیچ كه‌سێك له‌ ده‌رەوه‌ی دادگا و به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیربكرێت، ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ كه‌یسی ده‌ستیگركردنی بڕیار محه‌مه‌د ده‌كه‌ین".

هاوكات ئازاد حه‌مه‌ده‌مین، نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، بۆ‌ دواڕۆژ وتی: "لیژنه‌ی داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری ده‌ستگیركردنی ده‌كات. ئێمه‌ نازانین بڕیار محه‌مه‌د پێشمه‌رگه‌یه‌ یان رۆژنامه‌نووسه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ‌و ناوخۆ رێنماییه‌ك ده‌ربكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ كارمه‌ندى هه‌ردوو وه‌زاره‌تن و كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كه‌ن".

دوێنی ئاسایشی هه‌ولێر بڕیار محه‌مه‌د-ی په‌یامنێری ده‌زگای رۆژنیوز-ی ده‌ستگیركرد و دواتر تاریق نوری، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بڕیار محەمەد پێشمەرگەیە و رێككاری سەربازیی لەگەڵ دەکرێت.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure