ئاسایشی هه‌ولێر له‌سه‌ر كەمپی مه‌خمور رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 23/08/2019‌ :: 293‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وته‌بێژى كه‌مپى مه‌خمور ده‌ڵێت:"به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئاسایشى هه‌ولێر رێگایان پێنادات بێنه‌ هه‌ولێر، دۆخى كوردانى باكوور له‌ كه‌مپه‌كه‌ زۆر خراپه"، وته‌بێژى ئاسایشى هه‌ولێر-یش ده‌ڵێت:"دواى كوشتنى دیپلۆماتكاره‌كه‌ى توركیا، رێگه‌ به‌ هاووڵاتیانى كه‌مپه‌كه‌ نادرێت بێنه‌ هه‌ولێر".


پۆڵات بۆزان وتەبێژی كەمپی مەخمور به‌ دواڕۆژى راگەیاند "دواى رووداوى كوشتنى جێگرى كونسڵخانه‌ى توركیا له‌ 17ى  مانگى رابوردوو، له‌لایه‌ن ئاسایشى هه‌ولێره‌وه‌ رێگه‌مان پێنادرێت بچینه‌ هه‌ولێر، هه‌م بۆ کاركردن و هه‌م بۆ چاره‌سه‌رى ته‌ندروستیى منداڵان و كچ و ژنان، به‌هۆى ئه‌و رێگرییه‌‌ى ئاسایش، دۆخى ته‌ندروستى منداڵ و ژنانى دووگیان له‌ كه‌مپه‌كه‌ خراپه‌، هه‌روه‌ها دۆخى مادى خێزانه‌كانیش خراپ بووه‌، چونكه‌ رێگه‌نادرێت پیاوان له‌هه‌ولێر كاربكه‌ن".

هاوكات سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ یاداشتێكدا كه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانى ناردووه‌، نووسیویه‌تى "دواى رووداوه‌كه‌ى هۆقه‌باز له‌ هه‌ولێر، ئاسایشى هه‌ولێر له‌ دواین بازگه‌ى خۆیدا، رێگه‌ به‌ ژنان و منداڵ و گه‌وره‌ و بچووكى كوردانى كه‌مپه‌كه‌ نادات بێنه‌ هه‌ولێر، به‌وهۆیه‌وه‌ كێشه‌ى گه‌وره‌یان تووش بووه‌".

سۆران عومه‌ر ده‌ڵێت: "كه‌مپه‌كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ى توركیاوه‌ بۆردوومان كراوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ دانیشتووانه‌كه‌ى له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێدان".

12 هه‌زار كه‌س له‌ كوردانى باكوور له‌ كه‌مپى مه‌خمور-ى باشوورى هه‌ولێر نیشته‌جێن كه‌ ماوه‌ى 21 ساڵه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دروستكراوه‌.

له‌باره‌ى رێگیركردن له‌ كوردانى باكور بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ هه‌ولێر، سه‌باح خدر وته‌بێژى ئاسایشى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى وت: "ئاسایش گه‌مارۆى كه‌مپه‌كه‌ى نه‌داوه‌، چونكه‌ كه‌مپه‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستى حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراقه‌، به‌ڵام دواى كوشتنى دیپلۆماتكاره‌كه‌ى توركیا له‌ هه‌ولێر، رێگه‌مان نه‌داوه‌ خه‌ڵكێك بێته‌ ناوشار كه‌ ناسراو نه‌بێت".

سه‌باح خدر ده‌ڵێت:"ئێمه‌ پێشتر ئاسانكاریمان بۆ ده‌كردن، بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام چیتر رێگه‌یان پێنادرێت بێنه‌ هه‌ولێر و ره‌وشى ئه‌منى تێكبده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌پێى بڕیاى نێوده‌وڵه‌تى رێگه‌ به‌ ئاواره‌كان نادرێت له‌ كه‌مپه‌كان بێنه‌ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ناو كه‌مپه‌كان بن".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure