نوێترین زانیارى له‌باره‌ى وه‌رگرتنى خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان

هەواڵ / کوردستانی :: 21/08/2019‌ :: 758‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بڕیاریدا پلانی وەرگرتنی خوێندكارانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێداچوونەوەى تێدا بكرێت و هەفتەى داهاتوو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تا پەسەند بکرێت.

(ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى ئابى 2019) ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا كۆبووه‌ و بڕیاریدا زانكۆى ئه‌مریكى وه‌كو زانكۆیه‌كى قازانج نه‌ویست هه‌ژمار بکرێت و پلانى وه‌رگرتنى خوێندكارانیش بۆ وه‌زاره‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

عه‌باس ئه‌كره‌م، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "كارى زۆر بۆ كاراكردنى زانكۆلاین كراوه‌ و ئێستا له‌ قۆناغه‌كانى كۆتاییدایه‌، هه‌روه‌ها تائێستا ژماره‌ى وه‌رگرتنى خوێندكاران و رێژه‌ى نمره‌كانیان دیارینه‌كراوه‌".

بڕیاره‌كانى ئه‌مڕۆى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا:
1.کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسى ئەکادیمى، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانى زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم بەهەمان ستانداردەکانى پێشوو، کە لە ڕێنماییەکاندا هاتوە، بەمەرجێک تاقیکردنەوەى کۆتایى بە شێوەیەکى مەرکەزى و بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام دەدرێت و، دواتر ڕێنمایى نوێى تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵى ئەکادیمى (2019-2020) دەردەچێت.
 
2.سەبارەت بە و کاندیدانەى کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەى ئیمیدیست، لە دواى ڕێکەوتى (25/8/2019) پاڵپشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم.

3.سەبارەت بە داواکارانى نازناوى زانستى، سێنتەرەکانى زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنى پێشنیاز و چارەسەرى تایبەت بە پرسى زمانى ئینگلیزى بەهۆى ئەوەى داواکارانى نازناوى زانستى کەیسى جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.

4.لە داهاتوودا ستراتیژیەتى وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەکانى زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى دابڕێژن بۆ ئەوەى لەمەودوا ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش دەبێـە هۆکارێک بۆ پێشخستن و ئەکتیڤکردنى سەرجەم سێنتەرەکانى زمان.
 
5.سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەى کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانى بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجى  توانستى زمانى ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆى تێزى دکتۆراکەى بکات، بەڵام بڕوانامەى پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستهێنانى مەرجى زمان.

6.لەبارەى خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى خوێندنى باڵا، کە لێژنەکە لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت و هەریەک لە یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەى ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا دەکرێت، دواتر ڕەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.
 
7.سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.

8.بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا دواى بە دەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و بەدەستهێنانى سەرجەم مەرجەکانى نازناوى زانستى و بڵاوکردنەوەى دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانى دەرەوەى شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى - دهۆک). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەى زانکۆکان دەکرێت.
 
9.لەسەر داواى خۆیان و، لەچوارچێوەى یاساو ڕێنماییەکان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنى زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکى قازانج نەویست.

 

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure