حه‌شدى شه‌عبى په‌نجه‌ى تۆمه‌ت ئاراسته‌ى ئه‌مریكا ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 119‌ جار بینراوە
به‌شێك له‌ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى فۆتۆ: وه‌رگیراوه‌

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

ده‌رباره‌ى بۆردومانكردن و ته‌قاندنه‌وه‌ى باره‌گاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ عێراق، جێگرى سه‌رۆكى حه‌شد په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ هێزه‌كانى ئه‌مریكا درێژده‌كات.


ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس، جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى ئابى 2019) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ى ئێستا رووده‌دات له‌ به‌ ئامانجگرتنى باره‌گاكانى حه‌شدى شه‌عبى كارێكى روونه‌ به‌هۆى كۆنتڕۆڵكردنى ئاسمانى عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ له‌ڕێى قۆرغكردنى رێگه‌دان به‌ فڕین و به‌كارهێنانى ئاسمان بۆ مه‌به‌ستى مه‌ده‌نى و سه‌ربازى و دواتریش رێگیركردن له‌ فڕینى هه‌ر فڕۆكه‌یه‌كى دیكه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا رێگه‌دان به‌ فڕۆكه‌ ئه‌مریكى و ئیسرائیلییه‌كان به‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى هێرشه‌كانیان.

موهه‌ندیس وتیشى: دوژمنانى عێراق له‌ئێستادا دووباره‌ پلان داده‌نێن بۆ به‌ ئامانجگرتنى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى به‌ رێگاى جۆراوجۆر، ئه‌مریكا كه‌ به‌شداربوو له‌ راكێشانى "گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان" بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ دانپیادانانى ترامپ، به‌ شێوازى جیاجیا بیر له‌ پێشێلكردنى سه‌روه‌رى عێراق و كردنه‌ ئامانجى حه‌شد ده‌دات.

ئاماژه‌شده‌دات: زانیارى ورد و دڵنیاكه‌رمان لایه‌ كه‌ ئه‌مریكیه‌كان ئه‌مساڵ رێگه‌یان به‌ چوار فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانى ئیسرائیل داوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌كانیاندا پڕۆسه‌ى پشكنینى ئاسمانى ئه‌نجامبده‌ن له‌گه‌ڵ به‌ ئامانجگرتنى باره‌گا سه‌ربازییه‌ عێراقیه‌كان.

جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى دوپاتیشیده‌كاته‌وه‌ به‌رپرسى یه‌كه‌م و كۆتاى ئه‌وه‌ى روویداوه‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكایه‌، به‌رپرسیش ده‌بێت له‌ هه‌ر رووداوێك كه‌ له‌مڕۆوه‌ رووبدات و هیچ بژارده‌یه‌كیشمان نابێت جگه‌ له‌ به‌رگریكردن له‌ خود و باره‌گاكانمان به‌و چه‌كانه‌ى خاوه‌نین و له‌رێى چه‌كى زۆر پێشكه‌وتووتر.

له‌ دوایین رووداودا شه‌وى رابردوو ته‌قینه‌وه‌یه‌كى سه‌رچاوه‌ نه‌زانراو له‌ كۆگاى كه‌لوپه‌ل و چه‌كى سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ هێزه‌كانى حه‌شى شه‌عبى له‌ قه‌زاى به‌له‌دى سه‌ر به‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین روویدا.

ده‌رباره‌ى ته‌قینه‌وه‌كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ ئێستادا نازانرێت هۆكارى ته‌قینه‌وه‌كه‌ بۆردومانى ئاسمانى بووه‌ یان مووشه‌كى ئاراسته‌كراو.

ئا: شیروان شه‌ریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure