کۆگایەکی گەورەی دەرمانی ساختەی سێکسی دەستی بەسەرداگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 21/08/2019‌ :: 1134‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

ده‌یان كارتۆن ده‌رمانى ساخته‌ى سێكسى له‌ هه‌ولێر ده‌ستى به‌سه‌رداگیرا و به‌رپرسێكى كوالیتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان-یش ده‌ڵێت: ده‌رمانه‌كان پێکهاتەیه‌كیان تێدایه‌ كه‌ هۆکاری سەرەکیە بۆ شێرپەنجە.


هێژا ئه‌نوه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێریى بازاڕ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كوالیتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى ئابى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر بوونی ئەو شوێنە کە دەرمانی ساختە و بەهێزکردنی توانای سێکسی تیادایە و ساغدەکرێتەوە، لەگەڵ پۆلیس بڕیارماندا بڕۆینە شوێنەکە و دەستمان بەسەر دەیان کارتۆن مادەی بەسەرچوو و قەدەغەکراوی لاوازی سێکسیدا گرت.

وتیشی: "ئەو مادانەی ئەمڕۆ دەستیان بەسەردا گیراوە، جگە لەوەی ساختەن و قەدەغەکراون کە تایبەتن بە لاوازی سێکسی هاوکات مادەی ئێف مێنتەڵیان تیایدا کە هۆکاری سەره‌کیە بۆ شێرپەنجە و کاریگەرییەکانی دوای 5 بۆ 10 ساڵی تر لەسەر کەسەکە دەردەکەوێت".

لەبارەی دەستگیرکردنی خاوەن ده‌رمانه‌كان به‌رپرسه‌كه‌ى كوالێتى كۆنتڕۆڵ وتی: "پۆلیس بەدواداچوونی کردوە و دەرکەوتووە خاوەنه‌كه‌ی چووەتە دەرەوەی هەرێم، بەڵام دەدرێتە دادگا و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەکرێت، چونکە کارێکی نایاسایی و ساختەکاریشە".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure