"ناوخۆى توركیا به‌ره‌و مه‌ترسى گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 316‌ جار بینراوە
عابد ئیكه‌

دواڕۆژ، سامان قوبادى

لابردنى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانى هه‌ده‌په‌ و ئاڵۆزییه‌كانى ناوخۆى توركیا ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئیسته‌مبوڵ، عابد ئیكه‌، نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت، ئه‌كه‌په‌ ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌كان مه‌ركه‌زى بن، ده‌شڵێت: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌و هۆیه‌وه‌ دۆخى ئابورى توركیا به‌ره‌و قۆناغێكى مه‌ترسیدار بڕوات.

دواڕۆژ: پاش چه‌ند مانگێك له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان، بۆچى به‌رپرسانى هه‌ده‌په‌ له‌و پۆستانه‌ دورخرانه‌وه‌ به‌تۆمه‌تى پاڵپشتى په‌كه‌كه‌؟
عابد ئیكه‌:
بڕیارى تاك لایه‌نه‌ى ئه‌كه‌په‌یه‌، ئه‌ردۆغان پێش هه‌ڵبژاردن گێچه‌ڵى به‌ شاره‌دارییه‌كانى هه‌ده‌په‌ ده‌كرد، ئه‌مه‌ش قبوڵنه‌كردنى سیاسه‌تى كورده‌ له‌ باكور و توركیادا،  هه‌ده‌په‌ سیاسه‌ت و ستراتیژى خۆى ئاشكراكردووه‌ له‌هه‌مبه‌ر سیستمى حكومڕانى توركیادا،  داخوازى ئێمه‌ بۆ به‌دیهێنانى مافه‌كانى گه‌لى كورده‌، ئه‌وه‌شى ده‌مانه‌وێت له‌و پۆستانه‌ى به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان به‌رجه‌سته‌ى بكه‌ین، یه‌كێك له‌ هه‌وڵه‌كانمان بونى ده‌سه‌ڵات و بڕیارى خۆجێییه‌ نه‌ك مه‌ركه‌زى، به‌ڵكو سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان خاوه‌نى بڕیاره‌ و ده‌سه‌ڵاتى خۆیان بن، له‌م رێگه‌یه‌وه‌ داخوازى خه‌ڵك به‌دیده‌هێنرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى له‌ توركیا رووده‌دات به‌پێى یاسا و ده‌ستور نییه‌، به‌ڵكو بڕیارى تاكلایه‌نه‌ى سه‌رۆك كۆماره‌.

دواڕۆژ: ئایا سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ تێكچوونى ناوخۆى توركیا؟
عابد ئیكه‌:
ئه‌گه‌ر ماف و یه‌كسانى له‌ وڵاتێكدا نه‌بێت، له‌رووى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌منى و ئابورییه‌وه‌ به‌ره‌و وێرانى ده‌ڕوات، ئه‌مڕۆ له‌ توركیا حوكمى سه‌ربازى هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ته‌واوى دامه‌زراوه‌كاندا هه‌یه‌، هه‌موو ئامرازه‌كانى ده‌وڵه‌ت دژى هه‌ده‌په‌ و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌كارده‌هێنرێت، ته‌نانه‌ت پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش ناتوانن له‌به‌رده‌م باره‌گاكانى خۆیان ناڕه‌زایى ده‌رببڕن یان به‌یاننامه‌یان هه‌بێت، سیاسه‌تى توركیا و ئه‌م ئاڵۆزیانه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌بات، له‌كاتێكدا عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان داوایكرد له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا شه‌ڕ له‌ توركیا رابوه‌ستێت، به‌ڵام وه‌ڵامى ئه‌كه‌په‌ به‌ لابردنى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان ده‌ستیپێكرد.

دواڕۆژ: به‌ڵام ده‌وترێت ده‌رئه‌نجامى هاوپه‌یمانێتیكردنى هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په‌ كه‌ بووه‌ هۆى له‌ده‌ستدانى ئیسته‌مبوڵ له‌لایه‌ن ئه‌كه‌په‌وه‌؟
عابد ئیكه‌:
هاوپه‌یمانێتى هه‌بێت یان نا ئه‌كه‌په‌ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانى له‌ كورد ده‌سه‌نده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌وڵه‌تى توركیا نایه‌وێت جه‌هه‌په‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت، هاوپه‌یمانى هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په‌ هۆكارى سه‌ره‌كى نییه‌، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر پرسى كورد جه‌هه‌په‌ ناڕه‌زایى ده‌ربڕیوه‌ و پشتى هه‌ده‌په‌ ده‌گرێت، له‌كاتێكدا له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا چه‌ندین سه‌رۆك شاره‌وانى ئێمه‌ دورخرانه‌وه‌ و به‌شێكیان زیندانى كران، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك نه‌هاته‌ده‌نگ، بۆیه‌ هه‌ڵوێستى جه‌هه‌په‌ هه‌نگاوێكى نوێیه‌ له‌ پشتگیریكردنى دۆزى كورد.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ ئاڵۆزییه‌كان له‌ باكوره‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و ئه‌نكه‌ره‌؟
عابد ئیكه‌:
ئه‌گه‌ر جه‌هه‌په‌ بێده‌نگ بێت، دۆخى ئه‌سته‌مبوڵ هاوشێوه‌ى باكورى كوردستان ده‌بێت، ئه‌وكات ئه‌م شاره‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى جه‌هه‌په‌دا نامێنێت، هاوكات له‌گه‌ڵ چه‌ند شارێكى تر كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ده‌ستیهێناوه‌.

دواڕۆژ: ئایا سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش په‌یامى تایبه‌تى ده‌بێت له‌مباره‌یه‌وه‌؟
عابد ئیكه‌:
ده‌میرتاش په‌یامى هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر رێگه‌ به‌ په‌رله‌مانتارانى كورد و راگه‌یاندنه‌كان بدرێت سه‌ردانى بكه‌ن ئه‌وكات په‌یامه‌كه‌ى بڵاوده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام رێگرى له‌ بینینى ده‌كرێت، جگه‌له‌وه‌ ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م پێویسته‌ هه‌موو سیاسه‌تمه‌داران چالاكوانانى كورد له‌ چوارپارچه‌ى كوردستان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت، به‌داخه‌وه‌ جۆرێك له‌ بێده‌نگى ده‌بینرێت.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ بۆچى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بێده‌نگه‌، نیشانه‌ى پشتیوانى سیاسه‌ته‌كانى توركیا نییه‌؟
عابد ئیكه‌:
ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ ببینین، كاتێك سوكایه‌تى به‌ په‌رله‌مانتارانى هه‌ده‌په‌ كرا و زیندانیكران هاتنه‌ ده‌نگ، به‌ڵام ته‌نیا به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك، بێده‌نگبوونى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ئێستادا په‌یوه‌ندى به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورى و سیاسییه‌كانه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، بۆیه‌ وڵاتان ته‌نیا ته‌ماشاده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت كورد ببێته‌ قوربانى، له‌پێناو به‌رده‌وامبوونى بازرگانى و به‌رژه‌وه‌ندى ئابورییان له‌گه‌ڵ توركیا، به‌تایبه‌ت روسیا و ئه‌مریكا ئه‌وه‌ى به‌لایانه‌وه‌ گرنگتره‌ بازرگانییه‌ نه‌ك كێشه‌ى كورد.

دواڕۆژ: ئابورى توركیا له‌ دۆخێكى خراپدایه‌، ئایا كێشه‌ ناوخۆییه‌كان به‌ره‌و چ قۆناغێكى تر ده‌بات؟
عابد ئیكه‌:
ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌رى زۆره‌ له‌داهاتوودا ده‌وڵه‌ت نه‌توانێت مووچه‌ى پۆلیس و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و فه‌رمانبه‌ران به‌ به‌رده‌وامى بدات، چونكه‌ له‌یه‌ك كاتدا توركیا شه‌ڕى سوریا و رۆژئاوا و په‌كه‌كه‌  ده‌كات، ئه‌مه‌ش خه‌رجییه‌كى زۆرى ده‌وێت، بۆیه‌ ئابورى توركیا له‌ مه‌ترسیدایه‌، هاوڵاتییان زۆربه‌یان ئاره‌زووى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كۆچ بكه‌ن بۆ وڵاتێكى تر تا له‌و دۆخه‌ داراییه‌ خراپه‌ رزگاریان ببێت. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure