دادگاییكردنى كۆمپانیاكانى فرۆشتنى چه‌كى كیمیایى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو

هەواڵ / کوردستان :: 21/08/2019‌ :: 167‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

له‌ دادگای به‌رایی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ جاری چواره‌م دانیشتنی دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تی و كۆمپانیا بیانییانه‌ به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ چه‌كى كیمیاییان به‌ رژێمی به‌عس فرۆشتووه‌ و پارێزه‌رێكیش ده‌ڵێت: سه‌دان به‌ڵگه‌ و دۆكیومێنتمان ئاراسته‌ی دادگا كردوه‌.


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى ئابى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌گه‌رچى وا چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد كه‌ نوێنه‌رى كۆمپانیا و كه‌سایه‌تییه‌كان ئاماده‌ى دادگاییكردنه‌ى ئه‌مڕۆ ببن، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان نوێنه‌ر یاخود پارێزه‌ریان ئاماده‌نه‌بوو، بۆیه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا له‌لایه‌ن پارێزه‌رى سكاڵاكاره‌كانه‌وه‌ به‌ڵگه‌ و دۆكیومێنته‌كان خرانه‌ڕوو.

وتیشى: "له‌به‌رئه‌وه‌ی دادگا هه‌ندێ داواكاری وه‌ك جیاكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان و كۆمپانیاكانی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش داوایكرد ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستن وه‌رگێڕی زمانی كوردی یان عه‌ره‌بی بكرێن و پێشكه‌ش به‌ دادگا بكرێن، بۆیه‌ دانیشتنه‌كه‌ بۆ 26ى تشرینى دووه‌مى داهاتوو دواخرا".
 
لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌یاد كاكه‌یى، پارێزه‌ر له‌ دۆسیه‌ى سكاڵا دژ به‌ كۆمپانیاكانى فرۆشتنى چه‌كى كیمیایى به‌ دواڕۆژى وت: سه‌دان به‌ڵگه‌ و دۆكیومێنتمان ئاراسته‌ی دادگای به‌رایی هه‌ڵه‌بجه‌ كردوه‌، له‌سه‌ر كۆمپانیا و كه‌سایه‌تیه‌كان كه‌ به‌شداربوون له‌ بۆردومانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌كی كیمیایی.

ئه‌وه‌شى وت: "ئاماده‌نه‌بوونی داوالێكراوانیش هیچ له‌ كه‌یسه‌كه‌ ناگۆڕێت. ئومێد ده‌كه‌ین بۆ دانیشتنه‌كه‌ى دیكه‌ ته‌واوی ئه‌و دۆكیومێنتانه‌ی له‌به‌رده‌ستمانه‌ بیخه‌ینه‌ به‌رده‌م دادگا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ رێكاره‌كانی به‌ ته‌واوه‌تی وه‌ربگرێت".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure