ناوى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى چاكسازى حكومه‌ت راگەیاندرا

هەواڵ / کوردستان :: 21/08/2019‌ :: 12325‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناوى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى چاكسازى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى دیاریكرد و لیژنه‌ى چاكسازى پێویسته‌ له‌ماوه‌ى مانگى داهاتوودا پرۆژه‌یاساكه‌ ئاماده‌بكه‌ن و بیخه‌نه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و دوواى په‌سه‌ندكردنیش ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت.

بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناوى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى چاكسازى  لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان بە سەرۆکایەتی وەزیری داد دیاریكردووه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری و نوێنەری تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان).

بەپێی نووسراوەکە: کاری لیژنەکە پێداچوونەوە دەبێت بە پرۆژەیاساکە و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەمەبەستی داڕشتنەوەی پرۆژەکە لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

پرۆژەیاسای چاکسازی لەمووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان لە خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵک و بەشێک لە فراکسیۆنەکان، پرۆژەکە راگیرا و رەوانەی حکومەت کرایەوە، چاوەڕوان دەکرێت بە پەسەندکردنی پرۆژەکە مانگانە نزیکەی 150 ملیار دینار بۆ حکومەت بگەڕێتەوە.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌: لیژنه‌كه‌ له‌ماوه‌ى مانگى داهاتوودا به‌مه‌به‌ستى دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌و نووسینه‌وه‌ى پرۆژەیاسای چاكسازى و رێكخستنى ده‌رماڵه‌ و ماف و ئیمتیازاته‌كان، دواى په‌سه‌ندكردنیشى له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوودا ده‌نێردرێته‌ په‌رله‌مان.

دواڕۆژ زانیویه‌تى: "پرۆژه‌یاساى چاكسازى و رێكخستنه‌وه‌ى كه‌رتى وه‌زیفه‌ى گشتى و خانه‌نشینى و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى دیكه‌، دامه‌زراندنى سندوقى خانه‌نشینى و راستكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى خانه‌نشینى یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خانه‌نشینى سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌ پله‌ى به‌رزتر له‌ پله‌ى شایسته‌ى خۆیان خانه‌نشینكراوان له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌وەى میراتگرانى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌خۆده‌گرێت".

به‌شێكى دیكه‌ی یاساكه‌ تایبه‌ت ده‌بێت، به‌ رێگه‌گرتن له‌ دووجار سوودوه‌رگرتن له‌ كه‌رتى گشتى، له‌گه‌ڵ راگرتنى سه‌رجه‌م ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ى له‌ یه‌ك مووچه‌ و به‌خشین زیاتر ده‌به‌خشنه‌ فه‌رمانبه‌ر.

به‌شێكى چاكسازییه‌كه‌ بریتى ده‌بێت له‌ راگرتنى درێژكردنه‌وه‌ ماوه‌ى خزمه‌تی وه‌زیفى فه‌رمانبه‌رانى شارستانى و سه‌ربازى و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یه‌كه‌ى ژمێریارى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستنیشانكردنى ژماره‌ى پاسه‌وان بۆ باره‌گا و دامه‌زراوه حیزبى و حكومییه‌كان و به‌رپرسان.

یاساى چاكسازى به‌شێكى تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ده‌ستكاریكردنى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانه‌ى كه‌ خزمه‌تى تایبه‌ت ده‌كه‌ن له‌ بوارى خۆیان و له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گشت ئه‌و پله‌ و مه‌رته‌بانه‌ى كه‌ به‌ده‌ر له‌ یاسا و رێنماییه‌كان دراون و گۆڕانگاریكردن له‌ مووچه‌ى پله‌ تایبه‌ته‌كان و چۆنیه‌تى خانه‌نشینكردنیان.

پرۆژەیاساى چاکسازی لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەکان لە 24 مادە پێکهاتووە، رۆژى 28ى شوباتى ئه‌مساڵ پەرلەمانی كوردستان پەسه‌ندی كرد، به‌هۆى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى به‌شێك لە لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیان، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكارى فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ى ئازار یاساکەی گه‌ڕانده‌وه‌ هۆڵی په‌رله‌مان، وابڕیاریشه‌ له‌م خولە نوێیه‌ى په‌رله‌ماندا دووباره‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانەوە دواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى بنێردرێته‌وه‌ په‌رله‌مان.

پ: چ.ع

بڵاکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure