پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى یه‌كێتیى و گۆڕان دواده‌كه‌وێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 524‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان چاوه‌ڕێى كۆبوونه‌وه‌ى چه‌ند ڕۆژى ئاینده‌یان ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستى چاره‌نووسى ئه‌و پۆستانه‌ى كه‌ به‌پێى رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتى به‌ریانده‌كه‌وێت.


دواى ئه‌وه‌ى رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابوردوو، 18ى شوبات، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رێككه‌وتنێكى كۆتایى له‌گه‌ڵ پارتى واژۆكرد، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ش گۆڕان جگه‌ له‌ پۆستى وه‌زاره‌ت و پۆستى سه‌رۆكایه‌تییه‌كان، 100 پۆستى دیكه‌ى به‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌كاته‌ 12% پۆسته‌ حكومییه‌كان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جگه‌ له‌وه‌رگرتنى چوار وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ى داهاتوو، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و چوار بریكارى وه‌زیر (شاره‌وانى، په‌روه‌رده‌، كاره‌با، ناوخۆ) و ئه‌میندارى گشتیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و 24 راوێژكارو 24 به‌ڕێوبه‌رى گشتیى و سێ نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ڕێوبه‌رێكى گشتى له‌ فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌، چه‌ند پۆستێك له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى چاكسازى و سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و ژماره‌یه‌ك پۆستى دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان به‌ پله‌ى به‌ڕێوه‌به‌ر له‌سه‌ر هه‌رسێ دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی، به‌رده‌كه‌وێت.

دواڕۆژ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى گۆڕان زانیویه‌تى له‌ماوه‌ى سێ ڕۆژى داهاتوو شاندى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دوور له‌ چاوى كامێراكان له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌باره‌ى ناونیشانى ڕاوێژكارو به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان و دانانى میكانیزمى چۆنیه‌تى ده‌ستبه‌كاربوونى كاندیده‌كانیان بۆ پۆستى وه‌زاره‌ته‌كان.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژی، یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان، جگه‌ له‌ پۆستى سه‌رۆكایه‌تیییه‌كان و وه‌زیره‌كان، ده‌یه‌وێت هه‌ریه‌ك له‌ پۆسته‌كانى ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و ده‌زگاى گشتیى مین و ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارو به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كانى دیوان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى (كشتوكاڵ و پلاندانان و خوێندنى باڵاو رۆشنبیرى و پێشمه‌رگه‌) و شه‌ش بریكارى وه‌زیرو ئه‌و پۆسته‌ به‌تاڵانه‌ى كه‌ له‌ كابینه‌ى رابوردوو پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌و پشكى یه‌كێتین، چاره‌سه‌ر بكات.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌چه‌ند رۆژى رابوردوو یه‌كێتیى به‌فه‌رمی داوای كۆبونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌پارتی كردووه‌، بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و پۆسته‌كانى یه‌كێتیى و له‌ ئێستاشدا چاوه‌ڕێى پارتى ده‌كه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure