هۆكاره‌كانی دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ و بێده‌نگی وه‌زاره‌تی دارایی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/08/2019‌ :: 10987‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ

تا ئه‌مڕۆ 20ى ئاب ته‌نیا مووچه‌ی مانگى ئایارى چه‌ند وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌ك دابه‌شكراوه‌، وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمیش هیچ هه‌واڵێك و روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ى دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نیا چاوه‌ڕوانی پاره‌كه‌ی به‌غدایه‌، په‌رله‌مانتارێكی عێراقیش ده‌ڵێت: "هۆكارى نه‌ناردنی پاره‌ ته‌نیا كێشه‌ی هونه‌رییه‌".


حكومه‌تی به‌غدا له‌ 14 تا 16ی هه‌موو مانگێك پشكی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌نارد و حكومه‌تی هه‌رێمیش مووچه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی پێدابه‌شده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماوه‌ی دوو مانگه‌ ناردنی پاره‌كه‌ دواده‌كه‌وێت.

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ى نه‌ناردنی پاره‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، بۆ دواڕۆژ وتی: "هۆكارى نه‌ناردنی پاره‌ ته‌نیا كێشه‌ی هونه‌رییه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی تر نییه‌".

سامان فوئاد، فه‌رمانبه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ وتى: "پێمسه‌یره‌ حكومه‌ت ده‌ڵێت مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا دابه‌شده‌كه‌ین، من ده‌ڵێم ئێستاش نیوه‌ مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت، چونكه‌ له‌مساڵدا ته‌نیا مووچه‌ی چوار مانگ دابه‌شكراوه‌، ئه‌وه‌ دوو مانگیشه‌ 40 رۆژ جارێك ده‌درێت".

وتیشی: "نازانم به‌ چ روویه‌كه‌وه‌ حكومه‌ت فه‌رمان بۆ رێكخستن و زیادكردنی ده‌وام ده‌رده‌كات، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ له‌ مانگی هه‌شتداین جارێ مووچه‌ی چوار مانگ دابه‌شكراوه‌ و زیاتر له‌ 30 مووچه‌ی ساڵانی رابوردووشمان لایانه‌".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ به‌ داهاتی ناوخۆ و فرۆشی نه‌وت، له‌سه‌ره‌تای مانگدا ته‌نیا مووچه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی پێدابه‌شده‌كرێت و بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی تر چاوی له‌ ده‌رگای به‌غدایه‌. 

سه‌رچاوه‌یه‌كی له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم ده‌ڵێت: "ئێمه‌ هیچ پاره‌یه‌كمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌، بۆیه‌ دابەشکردنی مووچە راگیراوە، تاکو پارەکەی بەغدا دەگاتە دەستمان".

به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق، به‌غدا مانگانه‌ نزیكه‌ی 500 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌نێرێت، بۆ زیادكردنى ئه‌و بڕه‌ش كه‌ بتوانرێت مووچه‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى پێدابه‌شبكرێت، ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات، به‌ڵام تائێستا كه‌ مانگی ئابه‌ هه‌رێم هیچ بڕه‌ داهاتێكی نه‌وتی نه‌داوه‌ته‌ به‌غدا.

هه‌فته‌ی رابوردووتر وه‌زیری دارایی و وه‌زیری نه‌وتی عێراق بانگێشتی لیژنه‌كانی دارایی و وزه‌ی په‌رله‌مان كران به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێك، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌، پرسی راده‌ستنه‌كردنی داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم بوو به‌ به‌غدا.

ئه‌و پرسه‌ نیگه‌رانی په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی له‌ په‌رله‌مانی عێراق لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و داوایان كردووه‌ وه‌زیری دارایی عێراق بانگهێشتی په‌رله‌مان بكرێت بۆ لێپرسینه‌وه‌.

ئیخڵاس دلێمی، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: "مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی بڕینی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ندێك په‌رله‌مانتاره‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌شده‌كات: پرسی ده‌ستپێله‌كاركێشانه‌وه‌ و لێپرسنه‌وه‌ له‌ وه‌زیری دارایی عێراق پرسێكی سیاسییه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure