پۆلیس له‌باره‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ی گرتەی ڤیدیۆیی تاوانەكان رونكردنه‌وه‌ دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 20/08/2019‌ :: 1214‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی تاوانەكان لەلایەن خاوەنی شوێن یان كەسوكاری قوربانییەكان، كارێكی باش نییە.


نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی (ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی ئابی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: گرتەی ڤیدیۆیی تاوانەكان لەلایەن پۆلیسەوە بڵاوناكرێنەوە، هەر پۆلیسێكیش ئەو كارە بكات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

وتیشی: "كاتێك تاوانێك روودەدات كەسوكاری تاوانلێكراو دەڕۆنە شوێنی تاوانەكە و داوای لێدانەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە دەكەن و بەمۆبایل تۆماری دەكەنەوەو بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌".

نەقیب سەركەوت روونیشیكردەوە: بۆ نموونە هەندێك ماڵ كامێرای هەیە و كەسێك دەڕوات بۆ ئەوەی بزانێت شەو لە دەرگای ماڵەكەی دراوە، ئەو ماڵەش كامێراكەی نیشانی دەدات لەبەرئەوەی لەڕووی یاساییەوە شارەزایی نییە، لەكاتێكدا ئەو بابەتە دەبێت رەزامەندی دادوەری هەبێت.

ئاماژەی بەوه‌شكرد: ئەگەر كەسێك ئەو گرتە ڤیدیۆییه‌ بەمەبەست بڵاوبكاتەوە، بۆ سوكایەتی بەكەسێك ئەوە رێكاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس وتیشی: "بڵاوكردنەوەی ئەو گرتانە خراپن و رەنگە زیانی لێبكەوێتەوە، رەنگە لەگرتەكەدا كاتێك كەسێك تەقە لەكەسێكی دیكە دەكات كەسوكاری كوژراو دەبینن كەسێكی دیكەی تێدایە و چاوی لێیە، بەو كەسە دەڵێن بۆچی قسەت نەكردووە دیارە ئاگاداری!، بۆیە باشتروایە تەنیا پۆلیس و دادگا سەیری ئەو گرتانە بكەنەوە".
    
ئێوارەی یەكشەممە لەقەزای چەمچەماڵ كارمەندی وێستگەیەكی بەنزین لەلایەن گەنجێكی دیكەوە به‌ فیشه‌ك كوژرا، دواتریش گرتەی ڤیدیۆیی ئەو رووداوە بڵاوكرایەوە و دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure