وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بڕیاریك له‌باره‌ى ئه‌م مامۆستایانه‌ ده‌رده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 230‌ جار بینراوە

تاگ :: پەروەردە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌پێی بریارێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌ودوا ده‌بێت له‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كان 80%ی مامۆستاكانیان به‌ شێوه‌ی گرێبه‌ست ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان بیت.


له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 300 قوتابخانه‌ و په‌یمانگای ئه‌هلی و باخچه‌ی ساوایان هه‌یه‌ و به‌پێی ئامارێكیش به‌گشتی هه‌ر یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ 20 مامۆستایان هه‌یه‌ كه‌ كۆی گشتیان ده‌گاته‌ شه‌ش هه‌زار مامۆستا. 

ئه‌حمه‌د سابیر، سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بڕیاریداوه‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ له‌ خوێندنگه‌و په‌یمانگا ئه‌هلییه‌كان ده‌وام ده‌كه‌ن و پێشتر دامه‌زراون رێژه‌كه‌یان كه‌مبكاته‌وه‌و ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگا به‌ گرێبه‌ست له‌ شوێنه‌كانیان دابمه‌زرێندرێن. 

وتیشی: "به‌پێی بڕیاره‌كه‌ هه‌ر خوێندنگایه‌كی ئه‌هلی ته‌نیا چوار مامۆستای دامه‌زراو ده‌توانێت لای خۆی ده‌وام پێبكات و ئه‌وانه‌ی تر ده‌بێت سه‌رجه‌میان ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگا بن كه‌ هێشتا دانه‌مه‌زراون و ئه‌م بڕیاره‌ش ئه‌مساڵ جێبه‌جێ ده‌كرێت. 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌هۆی خراپی قه‌یرانی دارایی و دواكه‌وتنی مووچه‌، زۆرێك له‌ مامۆستایان جگه‌ له‌ده‌وامی ئاسایی خۆیان ده‌وامێكی تریشیان له‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌كرد، سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانیش ده‌ڵێت: "له‌ ئێستادا نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار مامۆستا له‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌وام ده‌كه‌ن كه‌ زۆربه‌یان مووچه‌خۆری حكومه‌تن، گه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار خوێندكاری ده‌رچوو سود له‌م بڕیاره‌ ده‌بینیێت و هه‌لی كاریان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌بێت له‌ 16%ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی مووچه‌خۆرن له‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كان واز بهێنن و ته‌نیا یه‌ك ده‌وام بكه‌ن. 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی ئابی 2019) چه‌ند په‌یمانگایه‌كی ئه‌هلی له‌ رێگه‌ی ئاگاداریه‌كانیانه‌وه‌ داوایان له‌ ده‌رچووانی زانكۆو په‌یمانگاكان كردووه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك ئاره‌زووی ده‌وامكردنی هه‌یه‌ به‌مه‌رجێك دانه‌مه‌زرابێت، ده‌توانێت به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندن به‌ شێوه‌ی گرێبه‌ست له‌ په‌یمانگاكان ده‌وام بكات.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure