بۆچی خه‌ڵك جنۆكه‌ ده‌بینن؟ ئایا تۆ جنۆكه‌ت بینیوه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/08/2019‌ :: 1542‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

راپرسییه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن گروپئۆن-ه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ریده‌خات كه‌60%ی خه‌ڵك جنۆكه‌یان بینیوه‌. به‌شێكی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ڵێن جنۆكه‌یان له‌و خانووانه‌دا بینیوه‌ كه‌ جنۆكه‌ی تێدایه‌.


لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ ساڵی 1997 دا ئه‌نجامدرا و تیایدا 22 كه‌س برانه‌ شوێنێكی ترسناكه‌وه‌. نیوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ پێیان وترا "ئه‌م شوێنه‌ شوێنی جنۆكه‌یه"‌ و نیوه‌كه‌ی تر پێیان وترا "ئه‌م شوێنه‌ جێگه‌یه‌كی ئاسایی بیناسازییه"‌. ئه‌مه‌ش وایكرد نیوه‌ی به‌شداربووه‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن شتێكی نائاسایی ببینن.

له‌ رووی زانستییه‌وه‌ هه‌ستكردن به‌بوونی كه‌سێكی تر له‌ ژووره‌كه‌دا، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی كه‌سێك هه‌بێت، نیشانه‌ی خراپ كاركردنی مێشكه‌.

كڵاوێك به‌ناوی (كڵاوی كۆرێن) دروستكراوه‌ كه‌ كاتێك ده‌كرێته‌ سه‌ر، شه‌پۆلی موگناتیسی ده‌نێرێت بۆ مێشكی كه‌سه‌كه‌ و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ هه‌ست به‌ شتی سه‌روو سروشتی بكات، زۆر كه‌س له‌ به‌كارهێنانیدا هه‌ستیان به‌وه‌كردووه‌ بوونێكی تر له‌ ژووره‌كه‌دا بووه‌ یان ئه‌زموونی شتی نائاساییان كردووه‌.

هه‌روه‌ها گوشاری ده‌روونییش ده‌توانێت ببێته‌ هۆی ئه‌زموونی نائاسایی هه‌روه‌ك چۆن زه‌بر ده‌شێت ببێته‌ هۆی هه‌ستكردن به‌ شتی هه‌ستپێنه‌كراو.

شه‌پۆلیی ده‌نگیی خوار ئه‌و شه‌پۆله‌ی كه‌ مرۆڤ ده‌یبیستێت هۆكاره‌ بۆ هه‌ستكردن به‌ ئه‌زموونی نائاسایی. هه‌ربۆیه‌ ده‌شێت جنۆكه‌ مه‌به‌ست بێت له‌ بوونی شه‌پۆلی ده‌نگیی خوار شه‌پۆلی بیستراو.

هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌ست بكه‌یت له‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌ یان ژوورێكی بچووكی شێداری پڕ كه‌ڕوودا جنۆكه‌ی لێیه‌، ئه‌وه‌ ده‌شێت به‌هۆی ئه‌و كه‌ڕووه‌ی ژووره‌كه‌وه‌ بێت چونكه‌ كه‌ڕوو ده‌توانێت ببێته‌ هۆی وڕێنه‌ و تێكچوونی هاوسه‌نگی و هه‌ماهه‌نگی له‌ مرۆڤدا.
ئه‌و كه‌سانه‌یش كه‌ خۆشه‌ویستێكیان له‌ده‌ستداوه‌ هه‌ندێكجار باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن رۆحی ئه‌و كه‌سه‌یان بینیوه‌، ئه‌م بینینه‌یش یه‌كێكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی مێشكی خه‌مبار بۆ خۆئارامكردنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌شێت سه‌رما هۆكاری بینینی جنۆكه‌ بێت به‌تایبه‌تی گۆڕانی كتوپڕی پله‌ی گه‌رما. یاخود ده‌شێت هه‌ڵم و شێی سه‌ر په‌نجه‌ره‌ یان دووكه‌ڵكێشێكی ئاسایی وه‌كو جنۆكه‌ ده‌ربكه‌ون.

هه‌رچه‌نده‌ زۆرێك له‌ حاڵه‌ته‌كانی بینینی جنۆكه‌ له‌ خانووه‌كانی جنۆكه‌دا باسكراوه‌، به‌ڵام شه‌پۆلی موگناتیسی و رووناكیی هۆكاره‌كه‌ن. هه‌روه‌ها بوونی گازی یه‌كه‌م ئۆكسیدی كاربۆن، كه‌ گازێكی كوشنده‌یه‌، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌زموونی ناسروشتی له‌ مرۆڤدا.

حاڵه‌تێك هه‌یه‌ به‌ناوی (كۆنیشانه‌ی ته‌قینی سه‌ر) كه‌ تیایدا كه‌سه‌كه‌ هه‌ست به‌ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌رز ده‌كات و ئه‌گه‌ر له‌ خه‌ودا بێت به‌و ده‌نگه‌ به‌ئاگادێته‌وه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌یش له‌وكاته‌دا رووده‌دات كه‌ مێشكی مرۆڤ كاتێك كه‌سه‌كه‌ بۆ نووستن ئاماده‌ ده‌كات له‌پڕ پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌دات و كه‌سه‌كه‌ به‌ئاگا ده‌هێنێته‌وه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی به‌ ئاگات ده‌هێنێته‌وه‌ جنۆكه‌ نییه‌ به‌ڵكو مێشكته‌.

مۆته‌كه‌یش یه‌كێكی تره‌ له‌ حاڵه‌ته‌كان و كاتێك له‌پڕ له‌ خه‌و به‌ئاگادێیته‌وه‌ و ناتوانیت بجووڵێیت هه‌ست به‌ بوونێكی نائاسایی ده‌كه‌یت. هه‌ندێك كه‌س باس له‌ ئه‌زموونی سه‌روو سروشتیی ده‌كه‌ن له‌وكاته‌دا، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌و ده‌بینن.

هه‌روه‌ها هه‌ندێك كه‌س ده‌رچوونی بازنه‌ی رووناكی له‌ وێنه‌ی تاریكاییدا به‌ بوونی جنۆكه‌ داده‌نێت به‌ڵام له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ هۆكارى ئه‌و بازنه‌ رووناكانه‌ی له‌ وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌چن ته‌نیا تۆز یان شێ یان پیسیی هاوێنه‌ی كامێراكه‌یه‌.

هه‌ندێكجاری تریش هۆكاری بینینی جنۆكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان ده‌مانه‌وێت بڕوا بكه‌ین جنۆكه‌ له‌و شوێنه‌دا هه‌یه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك به‌ بوونی جنۆكه‌ لێكده‌ده‌ینه‌وه‌.

ئێستا ئایا تۆ جنۆكه‌ت بینیوه‌؟
 
پ: ل. م

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure