"14 پێشینارى تایبه‌ت به‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ نێردراوه‌ بۆ حكومه‌ت"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت: (سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ 21ى ئاب) لێژنه‌ى یاسایى و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان له‌باره‌ى خستنه‌كارى 11 پێشنیارى پڕۆژه‌یاسا كۆده‌بنه‌وه‌ و 14 پێشنیارى پڕۆژه‌یاساى دیكه‌ش له‌باره‌ى پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ بۆ حكومه‌ت نێردراوه‌.


ئه‌مڕۆ لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌باره‌ى ئاماده‌كارى بۆ خستنه‌كارى 11 پێشنیارى پڕۆژه‌یاسا بۆ وه‌رزى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووونه‌وه‌و سبه‌ى جارێكى دیكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كۆده‌بنه‌وه‌.

كاوه‌ عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ وه‌رزى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ له‌ 1ى ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، 11 پێشنیارى پڕۆژه‌یاسا ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌و بۆ ورده‌كارى زیاترو هه‌ماهه‌نگى سبه‌ى لێژنه‌ى یاسایی و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌.

له‌باره‌ى گرنگترین پێشنیازى ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى كه‌ له‌ وه‌رزى نوێ په‌سه‌ند ده‌كرێن، كاوه‌ عه‌بدولقادر وتى: "دانانى سندوقى خانه‌نشینى له‌ هه‌رێم، هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان، پارێزبه‌ندى مامۆستایانى هه‌رێم و تاپۆكردنى ئه‌و خانووانه‌ی به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕۆ له‌ هه‌رێم دروستكراون، له‌ گرنگترین ئه‌و پڕۆژه‌یاسانه‌ن كه‌ ده‌خرێنه‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌".

له‌باره‌ى چاره‌نووسى پێشنیارى ئه‌و پڕۆژانه‌ى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌، كاوه‌ عه‌بدولقادر وتى: "14 پێشنیارى پڕۆژه‌یاسا به‌هۆى ئه‌وه‌ى ره‌هه‌ندى داراییان هه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ حكومه‌ت نێردراون، هه‌ركاتێك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ گه‌ڕێندرانه‌وه‌، په‌رله‌مان كارى له‌سه‌رده‌كات".

به‌هۆى گرانبوونى نرخى عه‌ریزه‌ بۆ ده‌ هێنده‌ى نرخى پێشووى، ئه‌ندامه‌كه‌ى لێژنه‌ى یاسایى وتى: "لێژنه‌ى یاسایى له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ داواى رونكردنه‌وه‌مان له‌ حكومه‌ت كردووه‌، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان داواكارییه‌كه‌ی بۆ حكومه‌ت ناردووه‌، له‌وێشه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى داد نێردراوه‌، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كى كورت وه‌ڵامى لێژنه‌كه‌ نه‌درێته‌وه‌، ئه‌وا وه‌زیرى داد بانگهێشتى لێژنه‌ى یاسایى و په‌رله‌مان ده‌كه‌ین بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌سه‌ر گرانكردنى نرخى عه‌ریزه‌نووسین و نان بڕاوكردنى سه‌دان هاووڵاتى هه‌رێم".

وتیشى: "ده‌بێت وه‌زاره‌تى داد هۆكارى گرانبوونى نرخى عه‌ریزه‌نووسه‌كان و ناوه‌ڕۆكى گرێبه‌سته‌كه‌و شێوازى كاركردنى كۆمپانیاكه‌مان بۆ روونبكاته‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure