32 كه‌س به‌ تۆمه‌تێك ده‌ستگیركراون

هەواڵ / کوردستان :: 20/08/2019‌ :: 240‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابوردوودا 32 كه‌س به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ سنووری ده‌ڤه‌ری سۆران ده‌ستگیركراون. 


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ی ئابی 2019 بنكه‌ی نه‌هێشتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی سۆران راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ كۆپییه‌كی بۆ دواڕۆژ هاتووه‌ تیایدا ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌: له‌سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ئه‌مساڵ تا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی ئاب، 32 كه‌س به‌ تۆمه‌تی ئاڵوده‌بوون، به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ سنووری هه‌رچوار قه‌زای سۆران، چۆمان، رواندزو مێرگه‌سۆر ده‌ستگیركراون. 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌: ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون هاووڵاتی سنووره‌كه‌و شاره‌كانی ترو هاووڵاتی به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانیشیان تێدایه‌. 

له‌و راگه‌یه‌نراوه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌: سه‌رجه‌م ئه‌و هاووڵاتیانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی سنووره‌كه‌ ده‌ستگیركراون و ره‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند كراون. 

به‌پێی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ڤه‌ری سۆران هاوسنووری هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیایه‌، ساڵانه‌ سه‌دان كه‌س له‌سه‌ر بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیرده‌كرێن، هه‌فته‌ی رابردووش هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی سۆران كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌كاونتێكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ریكلامی بۆ فرۆشتنی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كرد ده‌ستگیركراو ره‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگا كرا. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure