په‌رله‌مانى كوردستان كۆتایى به‌ پشووى هاوینه‌ى خۆى ده‌هێنێت

هەواڵ / کوردستانی :: 20/08/2019‌ :: 185‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

په‌رله‌مانى كوردستانى له‌ 1ى ئه‌یلول  كۆتایى به‌ پشووى خۆى ده‌هێنێت و دووباره‌ ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ دانیشتنه‌كانى وه‌رزى نوێى  یاسادانان و 28 پڕۆژه‌یاساش له‌ به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌ماندان بۆ گفتووگۆكردن له‌سه‌رى.


له‌ 30ى حوزه‌یرانى 2019، په‌رله‌مانى كوردستان به‌مه‌به‌ستى متمانه‌دان به‌ كابینه‌ى نوێ پشووى هاوینه‌ى بۆ ماوه‌ى 15 ڕۆژ درێژكرده‌وه‌، به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆش 15ى ته‌مموز  پشووى هاوینه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى دوو مانگ ده‌ستیپێكرد، تاوه‌كو 1ى ئه‌یلولى 2019 به‌رده‌وام ده‌بێت.

بژار خالد، سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا پشووى هاوینه‌ى په‌رله‌مان كۆتایى دێت و 1ى ئه‌یلول په‌رله‌مانى كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ وه‌رزى نوێى یاسادانان.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: سەرجەم ئەو پڕۆژەیاسایانە تاووتوێكراون کە ئاڕاستەی لیژنەی یاسایى كرابوون کە سەرجەمیان ٢٨ پڕۆژەیاسا بوون، پاش تاووتوێکردنی پڕۆژەکان بڕیاردرا ١٤ پڕۆژەیاسا لە دوای دەستپێکردنی وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمەیان بۆ بکرێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئەو پڕۆژانەشی کە بارگرانیی داراییان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە ١٤ پڕۆژەیاسا بوون رەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌كرێت بۆ وەرگرتنی راو تێبینییان له‌سه‌ری.

به‌وته‌ى ناوبراو، ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ى كه‌ ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت ده‌كرێن بریتین له‌: رێکخستنەوەی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستان، چەسپاندنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، بەگەڕخستنەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان، پێدانی دەرماڵەی خوێندن بە خوێندکاران و چەند پڕۆژەیەکی تر.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure