له‌ 1ی ئه‌یلوله‌وه‌ هاوردەكردنی مۆدیلێكى ئۆتۆمبێل راده‌گیرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 841‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكی هاتوچۆی هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت: له‌ رۆژی 1ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵه‌وه‌ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2017 بۆ هه‌رێمی كوردستان راده‌گیرێت.


عه‌قیدی هاتوچۆ ئه‌سعه‌د كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان و به‌دواداچوون له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی هه‌رێم (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ى ئابى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: نابێت جگه‌ له‌ هاورده‌كردنی سێ مۆدێلی ئۆتۆمبێل، مۆدێلی دیكه‌ هاورده‌ی هه‌رێم بكرێت، بۆیه‌ له‌ 1ی ئه‌یلوله‌وه‌ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2017 راده‌گیرێت و رێگه‌ی نادرێت هاورده‌ی هه‌رێم بكرێت.

وتیشی: "له‌دوای ئه‌و رۆژەوە، رێگه‌ ته‌نیا به‌ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێله‌كانی (2018 و 2019 و 2020) ده‌درێت، به‌و مه‌رجه‌ی له‌گه‌ڵ رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بگونجێن".

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم، له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابوردوودا، 528 هه‌زار و 944 ئۆتۆمبێل هاورده‌ی هه‌رێم كراوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ 2013دا، 141 هه‌زار و 604 ئۆتۆمبێل و له‌ 2014دا، 88 هه‌زارو 745 ئۆتۆمبێل و له‌ 2015دا، 54 هه‌زارو 628 ئۆتۆمبێل و له‌ 2016دا، 35 هه‌زار و 43 ئۆتۆمبێل و له‌ 2017دا، 83 هه‌زار و 980 ئۆتۆمبێل و له‌ 2018دا 124 هه‌زارو 944 ئۆتۆمبێل هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure