زانیارى نوێ له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ ئاشكراده‌بێت

هەواڵ / کوردستان :: 20/08/2019‌ :: 14002‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایكرد كه‌ بۆ ئه‌مساڵ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناردنی مووچه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو مانگی دیكه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكنه‌كه‌وێت ئه‌وا بودجه‌ی ساڵی داهاتوو به‌ ویستی هه‌رێم نابێت، بڕیاری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت: "رێككاره‌كانی ناردنی پاره‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ته‌واو بووه‌".


به‌هۆی نه‌ناردنی 454 ملیار دیناری مانگانه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌، دابه‌شكردنی مووچه‌ راگیراوه‌، به‌ڵام بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق دڵنیایی ده‌داته‌وه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كه‌ "هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناردنی پاره‌كه‌ دروستنه‌بووه‌".

ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناردنی پاره‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم دروست نابێت و مانگانه‌ 454 ملیار دینار بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت، بۆ ئه‌و مانگه‌ش سه‌رجه‌م رێككاره‌كانی ناردی پاره‌كه‌ ته‌واو كراوه‌و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت.

له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی بودجه‌ی ساڵی نوێ و پشكی كورد بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا لیژنه‌ی هونه‌رى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ستبه‌كارده‌بن بۆ رێكه‌وتن له‌باره‌ی بودجه‌و مووچه‌ و نه‌وتی هه‌رێم

 ئه‌حمه‌د سه‌فار ده‌ڵێت:"ئێمه‌ داوامانكردووه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ بێت و چیتر كێشه‌كه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌".

 به‌پێی یاسای ئیداره‌ی دارایی عێراق، ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عێراق هه‌موو ساڵێك پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئه‌یلول ئاماده‌بكات، دواتر له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و له‌كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا بگاته‌ په‌رله‌مان و له‌سه‌ر ساڵی نوێ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق هۆشیداری ده‌داته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت:"ده‌بێت هه‌رێم رێككه‌وتنی نوێ به‌ئه‌نجام بدات و بابه‌ته‌كانی نه‌وت و گومرگ و باجه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا یاسای بوجه‌ی ساڵی نوێ به‌بێ به‌شداری هه‌رێم كۆمه‌ڵێك تێكستی تێدا داده‌نرێت كه‌ به‌خواستی هه‌رێم نابێت".

وتیشی:"ئه‌و هۆشدارییه‌مان بۆئه‌وه‌یه‌، هه‌رێم چاوه‌ڕێی به‌ڵێنی هیچ لایه‌نێكی عێراق نه‌كات و له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو مانگی دیكه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی بكاته‌وه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌و رووگیرییه‌ رزگار بكات كه‌ به‌هۆی هه‌رێمه‌وه‌ تووشی هاتووه‌".
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure