زۆریی كافتریاكان و بێكاریی گەنج ئایندەیەكی خراپ دێنێتە ئاراوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 170‌ جار بینراوە

تاگ :: بێکاری

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو


ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەنجان پەیوەست دەبن بە کافتریاکان، ئەمەش وایکردووە ژمارەی کافتریاکان زیاتر بێت، شارەزایانی ئابووریش ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر حکومەت شوێنی تایبەت بۆ گەنجان نەکاتەوە، تادێت گەنجان ئالودەی زۆر شتی خراپ دەبنەوە.

بەبەراورد بە ساڵی ڕابوردوو لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ ژمارەی کافتریاکان لە 600 کافتریا بۆ نزیکەی 1000 کافتریا زیادیکردووە.

شوکر محەمەد، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان کە دامەزراندنی کافتریاش لای ئەوانەوە ڕێگەی پێدەدرێت، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بە بەراورد بەساڵی ڕابوردوو لە هەرێمی کوردستان ژمارەی کافتریاکان زیادیکردووە".

شوکر، دەشڵێت: "جگە لەو کافتریایانەی بەفەرمی لای ئەوان تۆمارکراون زۆر کافتریا هەیە بەبێ مۆڵەت کار دەکات، بۆیە ژمارەی ئەو کافتریایانەی لای ئێمە تۆمار کراون لە هەولێر ساڵی ڕابوردوو ژمارەیان کەمتر لە 100 کافتریا بووە، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەی کافتریاکان گەیشتووەتە زیاتر لە 125 کافتریا".

شوکر محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا "کافتریاکان بوونەتە دوو بەش، بەشێکیان گەشتیارین و ئەوەی دیکە ئەو کافتریایانەن کە شەوانە گەنجان سەردانیان دەکەن، بەڵام زۆرترین ژمارەی کافتریاکان لەجۆری دووەمە".

بەبەراورد بەساڵانی ڕابوردوو بازاڕی کافتریاکان 50% زیادیکردووە.

بارزان غازی، خاوەنی کافتریایە لە شەقامی ئیسکان لە هەولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "پێش قەیرانی دارایی سێ کافتریام هەبوو، بەڵام قەیرانی دارایی وایکرد لەساڵی 2016 دوو کافتریام فرۆشت، بەیەک کافتریاشەوە لەسەر زەرەر بووین".

بارزان، باس لە بوژانەوەی کارەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەمساڵ دوای نەمانی کێشەکان چوار کافتریامان کڕیوە، سوپاس بۆ خوا بازاڕمان زۆر باشە".

بارزان، دەشڵێت: "ساڵی ڕابوردوو شەوانە نزیکەی 400 هەزار دینار زۆرترین داهاتمان بوو، بەڵام ئێستا  شەوان لە ملیۆنێک کەمتر کار ناکەین".

ئەرکان عەلی، کە ئەمساڵ کافتریای داناوە لە سلێمانی، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئەوانەی سەردانمان دەکەن 99% گەنجن و کەمتر کەسانی بەتەمەن دێنەلامان".

ئەرکان، دەشڵێت: "زۆرترین خواست لەسەر نێرگەلەیە، شەوانە زیاتر لە 200 نێرگەلە دەکێشرێت، جگە لە نێرگەلە چەرەس و شەربەتی سروشتیش خواستی زۆری لەسەرە".
ئەو گەنجانەی دەچنە کافتریاکان، پارەیەكی زۆر خەرج دەکەن بەجۆرێک، کەمترین خەرجیی هەر گەنجێک 5 هەزار دینارە.

سامان و بڵند و دلێر و کارزان، سێ هاوڕێن کە هەموو شەوێک دێنە کافتریا لە شەقامی ئیسکان، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "هەر چوارمان دەرچووی زانکۆین و دوو ساڵە تەواومانکردووە، بەڵام کە کار نەبێت چیبکەین، ناچارین کاتمان لە کافتریا ببەینە سەر ئەو خەرجییەشی هەمانە، هی ماڵەوەیە بووینەتە بارگرانی-ش بۆ ماڵەوە، چونکە کار و کەسابەت نییە".

ئەو چوار هاوڕێیە، دەشڵێن: "هەموو شەوێک دێین بۆ یاری کۆنکان و دۆمینە، هەموومان بەیەکسانیی پارەکە لەنێوان خۆمان بەشدەکەین و هەر یەکێکمان پارەی نێرگەلە و چا و خواردنەوەی دیکە نزیکەی 5 هەزار خەرجدەکەین".

زۆربەی ڕووداوی شەڕ و کێشەکان یان لە کافتریاکان ڕوودەدەن یان ئەو گەنجانەن زۆر دەچنە کافتریاکان و بێکارن، پسپۆڕێکی ئابووریش پێیوایە ئەگەر حکومەت هاوکاری گەنجان نەکات، ئەوا ئالودەی شتی خراپ دەبن.

سەربەست سیوەیلی، شارەزای ئابووری، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ساڵانە گەنجێکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەردەچن و بێکارن نە حکومەت نە کەرتی تایبەت کاریان پێنادەن و شوێنێکی تایەتیشیان نییە بۆ کات بەسەربردن، بۆیە زۆر گەنج هەیە دزی دەکات بەس بۆئەوەی کات بەسەر ببات لە کافتریاکان".

سەربەست، دەشڵێت: "پێویستە حکومەت کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کرێکارانی بیانی بکات بۆئەوەی دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێت، ئەو کات گەنجان بەبێ کێشە دەچنە کافێ و کاتیشیان دیاریکراو دەبێت".

ئەوشارەزایەی ئابووری، دەشڵێت: "زۆربەی گەنجانمان لە کافتریاکان لەبری کات بەسەربردن بە شتی بەسوود، خەریکی قومار و نێرگەلەکێشانن و لە هەندێک کافتریا ئالودەبوونی ماددەی خراپ هەبووە کە لەداهاتوو ڕەنگە زیانی زۆر بە ڕەوشی گەنجان بکەوێت، بۆیە پێویستە لیژنەی تایبەت سەردانی کافتریاکان بکەن و چاودێری هەبێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure