وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ چه‌ند بڕیارێكى نوێى ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 16816‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند بڕیارێكى نوێى ده‌ركرد و واده‌ى ده‌ستپێكردنى خوێندنى ئه‌مساڵیشی راگه‌یاند 

 
ده‌رنگانى شه‌وى رابوردوو ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند: دوای ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كه‌ تێیدا تاوتوێی 12 ته‌وه‌ر كرا و ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ ساڵی نوێی خوێندن ده‌ركران، به‌پێی بڕیاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ یه‌كی ئه‌یلول مامۆستایان ده‌ستبه‌كارده‌بن و 21ی ئه‌یلول یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندنه‌.

 له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌زیری په‌روه‌رده‌ چه‌ند بڕیارێكى نوێى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ئاشكراكرد له‌وانه‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كارگێڕی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك سه‌باره‌ت به‌ دانانی بانكی پرسیاره‌كانى تایبه‌ت به‌ ئه‌زموونه‌كانی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی له‌ ماوه‌ی چوار مانگدا.

هه‌ر له‌و بڕیارانه‌دا هاتووه‌:" رێگه‌نه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی خولی به‌هێزكردن و وتنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌و په‌یمانگه‌ پیشه‌ییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ مۆڵه‌تی پیشه‌ییان پێدراوه‌‌و ناكرێت بیناكانیان به‌كاربهێنن بۆ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی وانه‌كانی به‌هێزكردن و وتنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كانی خوێندن".

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ پرۆسه‌ی به‌ ئینگلیزیكردنی هه‌ردوو بابه‌تی بیركاری و زاسته‌ گشتییه‌كان تایبه‌ت به‌ قۆناغه‌ فێركردنی بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی خوێندنی 2015 – 2016 وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

  پێداچونه‌وه‌: هـ.ق





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure