په‌رله‌مانتارێك: بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ سه‌رپێچییە و دژى ده‌سه‌ڵاته‌كانى په‌رله‌مانه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/08/2019‌ :: 480‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاران و به‌گرێبه‌ستكردنیان، نایاساییه‌ و سه‌رپێچى ده‌سه‌ڵاته‌كانى په‌رله‌مانه‌.


لەسەرجەم خولەکانی رابوردوودا هه‌ر په‌رله‌مانتارێك 3 پاسه‌وانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ و بەشێوەی هەمیشەیی بۆ داده‌مه‌زرێنرا کە سەر بە میلاكی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی بوون، بەڵام وەزاەرتی ناوخۆ دەڵێت بۆ ئەم خولە دامەزراندن نییه‌.

رۆژى (یه‌كشه‌ممه‌ 18ى ئابى 2019) سامى جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم وتى:"بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتاران بەشێوەی هەمیشەیی دانامەزرێن بەڵکو بەشێوەی گرێبەست دەبن تا چوارساڵ و لەکۆتایی خولی پەرلەماندا گرێبەستى پاسه‌وانه‌كانیان هەڵدەوەشێنرێتەوە و گرێبەست لەگەڵ پاسەوانی نوێدا دەکرێت".

سامى جه‌لال وتیشى:"لەم خولەدا سێ پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتاران به‌ شێوه‌ی گرێبه‌ست دامەزرێنراون، کە ئەم خولەی په‌رله‌مان ته‌واو بوو گرێبه‌ستەکانیان هەڵدەوه‌شێتەوە ئه‌و كاره‌یش لە پێناو بەرژەوەندیی گشتییە."

له‌باره‌ى ئه‌و بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌، باڵانبۆ كۆكۆیى ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى وت:"پاسەوانی پەرلەمانتاران بە یاسا رێكخراوە و پێویستە بۆ هەر گۆڕانكارییەك لەپێشدا ئەو یاسایە لە پەرلەمان هەمواربكرێتەوە، نەك وەك ئەوەى وه‌زاره‌تى ناوخۆ پاسه‌وانى په‌رله‌مانتاران بكاته‌ گرێبه‌ست".

باڵانبۆ كۆكۆیى ده‌ڵێت:"ئه‌و بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ زۆر نایاساییە و دەسەڵاتی وه‌زاره‌تى ناوخۆ نییە لەخۆڕا گۆڕانكاریی لە یاسای پەڕلەماندا بكەن، ئەگەر وه‌زاره‌ت مه‌به‌ستى چاكسازییه‌ ده‌بێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەستپێبكەن و پێویستە پاسەوانی سەرجەم كاربەدەستان رێكبخرێتەوە، لە سەرۆكی هەرێم تا دەگاتە بەڕێوەبەری ناحیەیه‌ك، ده‌بێت وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئه‌وه‌ى له‌ بیربێت كه‌ پاره‌ی كڕینی یه‌ك ئۆتۆمبێل بۆ هەر به‌رپرسێك لە سەرۆكایه‌تى هەرێم تا دەگاتە بەڕێوەبەری ناحیەیەك مووچه‌ى ده‌ ساڵى پاسەوانێكە، كامیان بارگرانییە؟ ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل یاخود ٩٣٣ پاسەوان كە هەموو گەنجی بێكار و كوڕی شەهیدن و به‌هۆى دانه‌مه‌زراندنیانه‌وه‌ به‌ بڕوانامه‌ى به‌رزه‌وه‌ رازین ببنه‌ پاسه‌وان".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، وتیشى:"دەبێت بە پەرلەمان و حكومەتەوە كاربكرێت بۆ بنه‌بڕكردنی گەندەڵی، نەك بۆ شكاندنی دامەزراوەی پەرلەمان كە موڵكی میلـلەتە و بڕیارێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌ سه‌رپێچى بدرێت".

پ: ل. م

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure