كارى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كانى هه‌رێم راگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 19/08/2019‌ :: 1066‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى شاره‌وانى هه‌رێم بڕیاریدا به‌ راگرتنى كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان له‌ پارێزگاكان و ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێریش ده‌ڵێت: "ده‌بوو له‌كاتى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌".


سه‌رچاوه‌یه‌كى له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ بڕیارى وه‌زیرى شاره‌وانی كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان له‌ سێ پارێزگاى هه‌رێم (هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك) راگیرا.

له‌باره‌ى هۆكارى راگرتنى كاره‌كانیان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، وتى: راگرتنى كاره‌كانیان به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ "نزیكه‌ى 19 ساڵه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ نه‌كراوه‌ و رێكخستن و شێوازى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نه‌كانیش دیارینه‌كراوه‌، بۆیه‌ تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ى بڕیار له‌باره‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یاخود هه‌ڵبژاردنى نوێ ده‌درێت، كاره‌كانیان راده‌گرێت".

ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى هه‌ولێر 16 ئه‌ندام و سه‌رۆك و سكرتێرێكى هه‌یه‌، ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى دهۆكیش له‌ 15 ئه‌ندام و سه‌رۆك و سكرتێر پێكدێت، هاوكات ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى سلێمانیش هه‌مان ژماره‌ى ئه‌ندامیان هه‌یه‌ و مووچه‌ى هه‌ر ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نیش پێش پاشه‌كه‌وت 800 هه‌زار دینار بوو، له‌گه‌ڵ پاداشتێكى 250 هه‌زار دینارى، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ئه‌و پاداشته‌ له‌ئێستادا خه‌رجناكرێت.

كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان، زۆرتر راوێژكارییه‌ و تێبینى سه‌ره‌نجى خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و بڕیار و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كرێن.

عیماد ره‌فعه‌ت، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ده‌بوو له‌كاتى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌، تا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت و دواتر ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا نه‌كراوه‌.

به‌پێى مادده‌ى 35ى یاساى ژماره‌ 3ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ساڵى 2009 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى شاره‌كان، ئه‌نجومه‌نه‌كانى شاره‌وانى بۆ یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان به‌ پێڕه‌وێكى تایبه‌ت پێكده‌هێنن كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌سه‌ر پێشنیارى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى ده‌ریده‌كات.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure