یه‌كه‌م كچه‌ مارێنز بووە فڕۆكه‌وانى شه‌به‌ح ئێف 35 بى

هەواڵ / جیهان :: 19/08/2019‌ :: 275‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

كیژۆڵه‌یه‌كى ته‌مه‌ن 29 ساڵى ئه‌مریكى كه‌ ناوى (ئه‌نیلێز ساتز)ـه‌، بووه‌ یه‌كه‌م فڕۆكه‌وانى مێینه‌ى هێزى مارێنزى ئه‌مریكا له‌ مێژووى ئه‌و هێزه‌ به‌ناوبانگه‌دا و به‌ فڕۆكه‌ى شه‌به‌ح-ى شه‌ڕكه‌رى جۆرى ئێف35 بى، فڕى.

  
هێزى ده‌ریایى ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئه‌م حاڵه‌ته‌ى به‌ رووداوێكى مێژوویى ناوبردووه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌نیلێز ساتز-ى كچه‌ فڕۆكه‌وانى فڕۆكه‌ى جه‌نگى، ماوه‌ى چوار ساڵ له‌ مه‌شق و راهێنانى پێویستدا بووه‌و سه‌ركه‌وتووانه‌ خوله‌كانى ته‌واوكردووه‌و یه‌كه‌م فڕینى به‌ فڕۆكه‌ى شه‌به‌ح ئێف 35 بى، ئه‌نجامداوه‌".

ئه‌و جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌ پێشكه‌وتووترین فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ئه‌مریكا و به‌شێوه‌یه‌كى خێرا و راسته‌وخۆ و به‌ ستوونى له‌شوێنى خۆیدا (هه‌ڵده‌ستێت و ده‌نیشێته‌وه‌).

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "ساتز، زیاتر له‌ 300 كاتژمێر فڕینى هه‌یه‌ و له‌نزیكترین كاتدا په‌یوه‌ندیى ده‌كات به‌ یه‌كه‌یه‌كى شه‌ڕكه‌رى مارێنزه‌وه‌ كه‌ به‌ (سوارچاكه‌ سه‌وزه‌كان) ده‌ناسرێت و له‌ ناوچه‌یه‌كى ژاپۆن جێگیركراون".

ئه‌نیلێز ساتز، پێش ئه‌وه‌ى بچێته‌ ریزى هێزه‌كانى مارێنزه‌وه‌، فڕۆكه‌وانى هێلیكۆپته‌رى بازرگانیى بووه‌و ده‌ڵێت: "شانازیى ده‌كه‌م كه‌ وه‌ك یه‌كه‌م كچ له‌ ڕیزه‌كانى هێزى مارێنزدا ده‌بمه‌ فڕۆكه‌وانى فڕۆكه‌ى جه‌نگى".

ئا: ل. م 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure