ئامارێك ده‌رباره‌ى رووداوه‌كان به‌هۆى ماتۆڕ له‌ سلێمانى ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 20/08/2019‌ :: 252‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌پێى ئامارێكى هاتووچۆى سلێمانى له‌ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا 18 شۆفێر و سه‌رنشینى ماتۆڕسكیل به‌ رووداوى هاتووچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 413ى تریشیان برینداربوون، به‌رپرسانى بواره‌كه‌ش داواى چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن.


شه‌وى یەکشەممەی رابوردوو، له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ رووداوێكى كوشتنى گه‌نجێك له‌لایه‌ن ماتۆڕسوارێكه‌وه‌ روویدا، له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ دوو پله‌دارى هاتووچۆى سلێمانى ئامارێك له‌باره‌ى رووداوه‌كان به‌هۆى ماتۆڕ له‌ سنوورى پارێزگاكه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو.

هه‌ریه‌ك له‌ موقه‌ده‌مى هاتووچۆ به‌ختیار محه‌مه‌د عه‌بدوڵا و رائیدى هاتووچۆ كاروان محه‌مه‌د سدیق له‌ نووسینێكى هاوبه‌شدا ئامارێك ده‌خه‌نه‌ڕوو و ده‌ڵێن: له‌ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا (26.415) سوارڕه‌و تۆماركراون كه‌ تۆمارى ماتۆڕسكیل ته‌نها (1) یه‌ك دانه‌یه‌. ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ تائێستا مۆڵه‌تى لێخوڕینى ماتۆڕسكیلیان هه‌یه‌ (3848) كه‌سه‌. 

رونیشیده‌كه‌نه‌وه‌: له‌ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا (75) هاووڵاتى به‌ رووداوى هاتووچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ له‌و ژماره‌ (18) كه‌س شۆفێر و سه‌رنشینى ماتۆڕسكیل بووه‌. هه‌ر له‌مساڵدا (1459) هاوڵاتى به‌ رووداوى هاتووچۆ برینداربوون كه‌ (413) كه‌سیان شۆفێر یاخود سه‌رنشینى ماتۆڕسكیل بوون.

ئه‌و پله‌دارانه‌ى هاتووچۆ ده‌شڵێن: "به‌ به‌رده‌وامى به‌ رێگاى نایاسایى به‌شێوه‌ى پارچه‌ له‌ خاڵه‌ سنووریه‌كانه‌وه‌ ماتۆڕ ده‌هێنرێته‌ پارێزگاكانى هه‌رێم و له‌ دوكانى فرۆشتنى ماتۆڕه‌كان پارچه‌كان ده‌به‌ستن و به‌ نایاسایى به‌ هاووڵاتیان و گه‌نجانى ده‌فرۆشرێن، بۆیه‌ له‌ئێستادا ژماره‌یه‌كى زۆر ماتۆڕسكیل به‌ نایاسایى له‌سه‌ر شه‌قام و رێگاوبانه‌كان هاتووچۆ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌ تابلۆیان پێوه‌یه‌ نه‌ شۆفێره‌كانیان مۆڵه‌تى لێخورینیان هه‌یه‌".

هه‌ریه‌ك له‌ موقه‌ده‌م به‌ختیار و رائید كاروان ده‌ڵێن: "ده‌بێت به‌ڕێزان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ چۆن له‌ رابردوو بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئۆتۆمبێلى بێ سه‌ره‌تا و ئه‌وروپى بڕیاریان به‌ تۆماركردن و بنه‌بڕكردنى ئوتومبێلى بێ سه‌ره‌تا دا ئاواش بڕیارێك ده‌ربكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ماتۆرسكیل له‌ كوردستان".

دوپاتیشیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ "ده‌بێت چاره‌سه‌رى كێشه‌ى هه‌میشه‌یى ماتۆرسكیله‌كان بكرێت نه‌ك ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ى كه‌ له‌رابردوودا بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى ماتۆرسكیل و دروست كردنى بابه‌تى راگه‌یاندن بۆ چه‌ند رۆژێك دواتر گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و ماتۆرسكیله‌ ده‌ست به‌سەردا گیراوانه‌ به‌ مه‌رجى ده‌رهێنانى مۆڵه‌ت و دووباره‌ سوڕانه‌وه‌یان به‌سه‌ر شه‌قام و رێگاوبانه‌كان به‌ بێ تابلۆ".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە