شاندێكى په‌رله‌مانى عێراق سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 19/08/2019‌ :: 506‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا شاندێكى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر داواى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بگه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان و پرسى بودجه‌ و نه‌وت تاوتوێبكه‌ن.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، كه‌ له‌ ئه‌ندامانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستیكه‌وتووه‌، وابڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا شاندێكى په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق سه‌ردانی هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنى راپۆرتێك تایبه‌ت به‌ پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى ساڵى 2020ى عێراق.

دواڕۆژ زانیویه‌تى ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ له‌ زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌كان پێكدێن له‌ نێویشیاندا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان، ئامانجیش له‌و سه‌ردانه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى عێراقه‌ له‌ پرسى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و له‌نێویشیاندا پرسى بودجه‌ و پێشمه‌رگه‌ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

به‌پێى وته‌ى ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى په‌رله‌مان، راپۆرتى شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان كاریگه‌رى له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتى ساڵی 2020ى عێراق ده‌بێت.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێویستە پێش ئەوەی پڕۆژەیاساى بودجه‌ رەوانەی پەرلەمان بکرێت هه‌رێم لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسای بودجە لە ناوەڕاستی مانگى داهاتوو ئامادە ده‌كات و لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان ده‌كرێت.

وتیشى: "پێویسته‌ ئەو ماوە کەمه‌ى لەبەردەستدایە هەرێم بەزووترین کات لەگەڵ بەغدا بابەتى نەوت و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان یه‌كلابكاته‌وه‌".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure