له‌جەژنی قورباندا لەگه‌رمیان نزیكه‌ى سێ هه‌زار و 500 سه‌ر ئاژه‌ڵ سه‌ربڕدراون

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 59‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ ماوه‌ى رۆژانى جه‌ژنى قوربان له‌ سنوورى گه‌رمیان له‌ سه‌رجه‌م قه‌سابخانه‌كان نزیكه‌ى سێ هه‌زار و 500 سه‌ر ئاژه‌ڵ به‌ مه‌به‌ستى قوربانیى و خێر سه‌ربڕدراون، له‌به‌ر سه‌رپێچیش زیاتر له‌ 30 قه‌ساب سزادراون، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى قه‌سابخانه‌ ئاژه‌ڵیان سه‌ربڕیوه‌. 

عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى ڤێتێرنه‌رى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لە قەسابخانەکانی گەرمیان (کەلار ، کفری، رزگاری و پێباز) لە رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژنی قورباندا سێ هه‌زار و 406 سه‌ر ئاژه‌ڵ سه‌ر بڕدراون كه‌ پێكهاتوون كه‌ دوو هه‌زار و 418 سه‌ر مەڕ و 789 سەر بزن و (199) سەر رەشەوڵاخ.

وتیشى: "كۆى به‌رهه‌مى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌  نزیکەی 94 تۆن گۆشت بووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌سه‌رپه‌رشتى پزیشكى پسپۆر پشكنینى ته‌ندروستییان بۆ كراوه‌  و شیاو بوون بۆ خواردن". 

شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ لایه‌ن لیژنه‌كانیانه‌وه‌ له‌ رۆژانى جه‌ژنى قوربان و پشووه‌كانیدا زیاتر له‌ 30 گۆشتفرۆش و قه‌سابخانه‌یان سزاداوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى کوشتارگه‌كان ئاژه‌ڵیان سه‌ربڕیوه‌ و پشكنینان بۆ نه‌كردووه‌. 

پ: چ.ع

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure