سزادراوە هەڵاتووەکەی کەرکوک لەهەولێر دەستگیرکرا

هەواڵ / کوردستان :: 18/08/2019‌ :: 841‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دوای تێپەربوونی 10 رۆژ بەسەر هەڵاتنی سزادراوێکدا لەکەرکوک، هێزە ئەمنییەکان لەشاری هەولێر دەستگیریان کردەوە.


ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە ئەمشەو یەکشەممە 18ی ئاب بەدواڕۆژی راگەیاند: لەرۆژی 8ی ئاب دوای ئەوەی کەسێکی سزادراو بەناوی (نەسیر خەفاجی) لە بنکەی پۆلیسی دۆمیز هەڵات، تیمێک لەپۆلیسی کەرکوک پێکهێنرا و بەهاوکاری پۆلیسی هەولێر توانرا لەچێشتخانەیەکی ئەو شارە دەستگیری بکەین و بیگەڕێنینەوە بۆ کەرکوک".

وتیشی: "ناوبرا بەمادەی 456ی فێڵکردن، 443ی دزیکردن و 267ی تایبەت بەهەڵاتن لەیاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارە، 15 ساڵ سزای زیندانی درابوو لەلایەن دادگای کەرکوکەوە، تەنیا لەتۆمەتێک بێتاوان دەرچوبوو، ئەوەش وایکردبوو ئەفسەری لێکۆڵینەوە بەهەڵە نوسراوی کەفالەتی بۆ بکات، ناوبراویش ئەوەی قۆستووەتەوە بۆ هەڵاتن و خۆی گەیاندبووە هەولێر.

پێشتر دواڕۆژ بڵاویکردەوە کە بەهۆی ئازادکردنی ئەو سزادراوەوە بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دۆمیز و حه‌وت ئەفسەری دیکەی بنکەکە دەستبەسەرکراون، لەئێستادا دۆسیەکەیان گواستراوەتەوە بۆ دادگای تایبەت بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە موسڵ.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure