هونەرمەندان داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی سێ سەرۆكایەتییەكەو داواكاری گشتی دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 36801‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

لقی سلێمانی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان رایدەگەیەنێت هونەرمەندان كراونەتە ئامانج بۆ ناوزڕاندنیان، داواش لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و داواكاری گشتی دەكەن بەر بەو شاڵاوە بگرن.


ئێوارەی ئەمڕۆ 18ی ئابی 2019 ژمارەیەك لەهونەرمەندان و رۆشنبیران لەنزیك شەقامی سالم لەناوچەی سەهۆڵەكە گردبوونەوەیەكیان سازكرد، رۆژگار كەمال، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی هونەرمەندان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوەی جێی نیگەرانییانە ماوەیەكی زۆرە هونەرمەندان كراونەتە ئامانج بۆ هێرشكردنە سەریان و ناوزڕاندن و بەرتەسككردنەوەی ئازادی كاری هونەریی و ئازادی رادەبڕین كە ئەمەش لەزاری هەندێك كەسەوە خۆی لەتەحریمكردنی هونەر و شكاندنی پەیكەرەكان و هەوڵدان بۆ راگرتنی كارە هونەرییەكان بەبیانووی جیاوازەوە و تەكفیركردنی را جیاوازەكاندا دەبینێتەوە.

سەندیكای هونەرمەندان داوا لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و داواكاری گشتی دەكات لەڕێگەی یاساوە بەر لەم شاڵاوە ناڕەوایە بگرن، بۆ سەر هونەرمەندان و سنوورێك بۆ ئەو كەسانە دابنرێت كە بوونەتە مایەی ناوزڕاندنی هونەرمەندان و بەرتەسككردنەوەی ئازادی تاك و لێكترازاندنی كۆمەڵگە و داواكارن پێكەوە رێز لەئازادی یەكدی بگرن.

هەفتەی رابوردوو هونەرمەند ماریا هەورامی كلیپی (دڵەكەم)ی بڵاوكردەوە كە لەناوچەی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی وێنەی گیراوە، بەڵام دواتر مەلایه‌ك لەنامەیەكی دەنگیدا كە بەقسەی خۆی بۆ كەسێكی ناردووە چەند قسەیەكی نەشیاو بەو هونه‌رمه‌نده‌ دەڵێت، ئەوەش كاردانەوەی زۆری لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە، پاشان ماریا بڕیاریدا لەدادگا سكاڵای لەسەر تۆمار بكات و مەلاكه‌ش لەسەر تەلەفزیۆن داوای لێخۆشبوونی له‌ خودا كرد.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure