بە گرێبەست پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتاران داده‌مه‌زرێندرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 18/08/2019‌ :: 3117‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

لە سەرجەم خولەکانی پێشووى په‌رله‌ماندا هه‌موو په‌رله‌مانتارێك سێ پاسه‌وانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ داده‌مه‌زرێنرا بەشێوەی هەمیشەیی کە سەر بە میلاكی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی بوون، بەڵام وەزاره‌تی ناوخۆ دەڵێت: "بۆ ئەم خولە دامەزراندن نییەو تەنیا بە گرێبەست پاسەوانیان بۆ دادەمەزرێندرێت".


بەگوێره‌ی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌ندامانی خولی نوێی په‌رله‌مانی کوردستان، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم كاركردنی یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2012ی په‌رله‌مانی كوردستانى راگرتووە، هەرچەندە داوای کردبوو ژماره‌ی پاسه‌وانان له‌ سێ كه‌سه‌وه‌ بكرێته‌ دوو كه‌س و پاسه‌وانه‌كانیش به‌شێوه‌ی گرێبه‌ستبن، بەڵام تەنیا یەک بڕگە لەو دوو بڕگەیە جێبەجێکراوە.

دکتۆر سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتاران بەشێوەی هەمیشەی دانامەزرێن، بەڵکو بەشێوەی گرێبەست دەبن تا چوار ساڵ، لە کۆتاییهاتنی خولی پەرلەمانی پاساوانەکان گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێنرێتەوەو گرێبەست لەگەڵ پاسەوانی نوێدا دەکرێت.

وتیشی: "لەم خولەدا سێ پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتاران به‌ شێوه‌ی گرێبه‌ست دامەزرێندراون کە ئەم خولەی په‌رله‌مان ته‌واوبوو، گرێبه‌ستەکانیان هەڵدەوشێتەوە، ناکرێت بەپێچەوانەی یاسایی لێکبدرێتەوە، چونکە به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی یاسا نییە، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندی گشتییە".

به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ (15)ی ساڵی 2012ی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌موو په‌رله‌مانتارێك سێ پاسه‌وانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ داده‌مه‌زرێنرێت و له‌ كۆتایی خوله‌كه‌شدا پاسه‌وانێك له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، دوو پاسه‌وانه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌خرێنه‌ سه‌ر میلاكی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ.

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure