"هاتنی گەشتیاران بەڕێژەی %100 زیادیكردووە"

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 103‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 


بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران رایدەگەیەنێت: "هاتنی گەشتیاران بۆ جەژنی قوربان لە دەڤەری سۆران ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد و رێژەی هاتنی گەشتیارانیش بەراورد بە جەژنی رابوردوو، بەڕێژەی %100 زیادیكردووە". 

(ئەمڕۆ یەكشەممە 18ئابی 2019) بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هاوینەهەواری بێخاڵی قەزای رواندز ئاماری هاتنی گەشتیارانی لەماوەی پشووی جەژنی قوربان و ماوەی یەك هەفتەدا راگەیاند.

 

لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران وتی: "ئەم جەژنە بەتایبەتی و پشووی ئەم هاوینە بەگشتی هاتنی رێژەی گەشتیاران بۆ هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی كەرتی گشتی و تایبەت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هاتنی گەشتیاران ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد و یەكەمجارە بەو رێژە بەرز و زۆرە گەشتیاران روو بكاتە دەڤەرەكەمان". 

ئاماژەی بەوەشدا: كە لەماوەی ئەو 10 رۆژەدا، لەماوەی دوو رۆژ پێش جەژن و دوو رۆژیش دووای جەژن 100 هەزار گەشتیار و سەردانیكەر روویانكردووەتە هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی هەر چوار قەزاكەی دەڤەری سۆران و هاتنی گەشتیارانیش بەراورد بەجەژنی رابوردوو بەڕێژەی %100 زیادیكردووە. 

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران روونیشیكردەوە: تەنیا ناحیەیەكی وەك وەرتێ كە شوێنێكی گەشتیارییە، لەماوەی ئەو هەفتەیەدا 20 هەزار گەشتیار و سەردانیكەر، سەردانیان كردووە. 

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا روونیشیكردەوە: لەو جەژنەدا هەموو شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران پڕبوون لە گەشتیار و شوێنی بەتاڵ بۆ مانەوە نەمابووەوە. 

لەبارەی گرانیی نرخ و پاكوخاوێنی ناوچە گەشتیارییەكان و گلەیی گەشتیاران، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران وتی: "بەدرێژایی ئەو هەفتەیە هەموو ڕۆژێك لەكاتژمێر چواری بەیانی تیمەكانمان لەگەڕان و پشكنین بەردەوامبوون و شوێنەكانیان پاك كردووەتەوە، لەبارەی گرانیی نرخیش خۆشبەختانە نرخ زۆر ئاسایی بووە، تاكە سەرپێچییەك تۆمار نەكراوە لەڕووی گرانكردنی نرخی مانەوە و كەلوپەل و خواردن و پێداویستییەكانی دیكە". 

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure