ئێران هێزی كۆكردووەته‌وه‌ و مه‌ترسی هه‌یه‌ هێرش بكاته‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی خۆرهه‌ڵات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 560‌ جار بینراوە

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

كۆماری ئیسلامی ئێران هێزێكی زۆری له‌سه‌ر سنووری نێوان خۆرهه‌ڵات و باشووری كوردستان كۆكردووەته‌وه‌ و به‌رپرسێكی سه‌ربازی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران-یش (حدكا) ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێران له‌ حاڵه‌تی شه‌ڕداین و هه‌ر هێرشێكیشمان بكرێته‌سه‌ر به‌رگری ده‌كه‌ین". 


كاوه‌ به‌هرامی، فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی حدكا (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ی ئابی 2019) به‌دواڕۆژی وت: "هه‌ر ئەم هه‌فته‌یه‌ نا، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌تایبه‌ت له‌كاتی گه‌مارۆ خستنه‌سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ستیكردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی هێزێكی زۆر به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ له‌سه‌ر سنووری نێوان رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان". 

وتیشی: "ئێران رۆژانه‌ هێزه‌كانی له‌سه‌ر سنوور زیاد ده‌كات و مه‌ترسی لێنیشتووه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ چالاكی دژیان ئه‌نجامبدات، ئێمه‌ ئێستا له‌ حاڵه‌تی شه‌ڕداین له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ ئه‌وه‌ش هێزمان هه‌یه‌ كه‌ به‌رگری و شه‌ڕیش بكه‌ین". 

به‌هرامی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئێران مه‌ترسی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان دژی دەسەڵاتەکەی رابپه‌ڕێت بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كی زۆری لێنیشتووه‌ و هێزی كۆكردووەته‌وه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌: ئێمه‌ش هه‌میشه‌ حیسابی ئه‌وه‌مان كردووه‌ كه‌ ئێران هێرشبكاته‌سه‌رمان، چونكه‌ ئێران هه‌ر ده‌رفه‌تێكی بۆ بڕه‌خسێت دەیکات، هه‌ر هێرشێكیشمان بكرێته‌سه‌ر به‌و په‌ڕی ئیراده‌ و هێزی خۆمانه‌وه‌ وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌ و به‌رگری ده‌كه‌ین و ئاماده‌یی به‌رگریكردنمان هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ و له‌هه‌موو شوێنێیكیش مه‌ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ئێران هێرشبكاته‌سه‌رمان. 

ئەوەشی خستەڕوو: تائێستا هیچ جۆره‌ هێرشێك له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كان دژی ئێمه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌. 

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure