گوماندەکرێت ئەمریکا هێرشەکەی سەربازگەی سه‌قه‌ر-ی ئەنجامدابێت

هەواڵ / عێراق :: 18/08/2019‌ :: 211‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سەرکردەیەک لە دەستەی حەشدی شەعبی کاتی راگەیاندنی ئەنجامی تەقینەوەکەی سه‌ربازگه‌ى (سه‌قه‌ر)ى ئاشکراکرد و دەڵێت: "پێشبینی دەکەین ئەمریکا هێرشەکەی ئەنجامدابێت".


معین کازمی، سەرکردە لە دەستەی حەشدی شەعبی بە (بەغداد ئەلیەوم)ی راگەیاندووە: ئەگەر هەیە تەقینەوەکەی سەربازگەی سه‌قه‌ر هێرشبێت، پێشبینیش دەکەم لە رێگەی فڕۆکەوە ئەنجامدرابێت، بەتایبەت لەکاتێکدا ئەمریکا بوونی هەیە لە عێراق و ئەوان بە ناوی ئیسرائیلەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەنە ئامانج.

وتیشی: "کۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێوەیەکی فەرمی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری تەقینەوەکە لە بەغدا ئاشکرادەکرێت".

هاوکات عەلی غانمی، ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات: بڕیاری عادل عەبدولمەهدی لەبارەی قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکەی سەربازی بەسەر خاکی عێراقەوە، بەڵگەیە بۆ ئەوەی تەقینەوەکەی سەربازگەی سه‌قه‌ر لەڕێگەی فڕۆکەی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە.

دەشڵێت: "عێراق دەترسێت راستییەکان ئاشکرابکات ئەگەر بێتو گومانی بەئامانجگرتنی سەربازگەکان لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە راست بێت، چونکە ئەوە کێشەی ئەمنی و سیاسی گەورە دروستدەکات".

بەهۆی تەقینەوەکەی سەربازگەی سه‌قه‌ر، کەسێک گیانی لەدەستدا و 29ی دیکەش برینداربوون.

ئا: ن. ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure