"زڕدایكێك له‌م شاره‌ى كوردستان منداڵه‌ پێنج ساڵانه‌كه‌ى كوشت"

هەواڵ / کوردستان :: 17/08/2019‌ :: 7077‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د 


(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوو 16ى ئاب)، له‌ شارى بۆكان له‌ خۆرهه‌ڵاتى كوردستان، منداڵێكى ته‌مه‌ن پێنج ساڵان له‌ رووداوێكى گوماناویدا و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا، خێزانه‌كه‌شى زڕدایكى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ى "به‌گاز برینداری كردووه‌، پاشان به‌هۆى پیاكێشانى كه‌رەستەیەکی قورس به‌سه‌ریدا كوشتویه‌تى".


به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ له‌ میدیاكانى خۆرهه‌ڵاتى كوردستان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ منداڵه‌كه‌ ناوى (ژیوان حه‌مه‌ ئه‌مین)ه‌ و ته‌مه‌نى پێنج ساڵانه‌، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوو، به‌ مردوویى گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ى شارى مەهاباد، پاش پشكنین ده‌ركه‌وتووه‌ته‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌.

مامى ژیوان، زڕدایكى ئه‌و منداڵه‌ تۆمه‌تبارده‌كات به‌ رووداوه‌كه‌ و ده‌ڵێت: "براكه‌م چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ هاوسه‌ری یه‌كه‌می و دایكی ژیوان جیابووه‌وه‌، ژیوان له‌گه‌ڵ نه‌نك و باپیری ده‌ژیا، تا ئه‌و كاته‌ی براكه‌م له‌گه‌ڵ كچێك له‌یه‌كێك له‌ گونده‌كانی نزیك شاری بۆكان هاوسه‌رگیری كرد، پاش ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌، براژنه‌كه‌م ویستی، ژیوان بچێته‌وه‌ لاى ئه‌وان بژى به‌ ئێمه‌ى وت ده‌مه‌وێت من و باوكى به‌یه‌كه‌وه‌ گه‌وره‌ى بكه‌ین".

مامى ئه‌و منداڵه‌ زیاتر باس له‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: "ژیوان سێ مانگ لای ئه‌وان مایه‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا براژنه‌كه‌م (زڕدایكى) دووجار ده‌ست و قاچی شكاند كه‌ له‌ هۆكاره‌كه‌یمان ده‌پرسى ده‌یوت ژیوان  به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌ ده‌ست و قاچی شكاوه‌، له‌ كۆتاییدا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابوردوو زڕدایكى كه‌ ناوى (ئاره‌زوو)ە، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ گازگرتن و لێدان ئه‌شكه‌نجه‌ى ژیوانى داوه‌ بریندارى كردووه‌، دواتر كه‌رەستەیەكى قورسى كێشاوه‌ به‌سه‌ریدا، به‌هۆیه‌وه‌ ژیوان گیانى له‌ده‌ستداوه‌".

به‌گوێره‌ى هه‌واڵى میدیاكانى خۆرهه‌ڵاتى كوردستان "زڕدایكى ژیوان، له‌پاش رووداوه‌كه‌ هه‌وڵیداوه‌، به‌ره‌و توركیا هه‌ڵبێت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى بگاته‌ سنوورى ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌".

دا: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure