له‌باره‌ى راده‌ستكردنه‌وه‌ى پۆستێكى حكومه‌ت روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستانی :: 18/08/2019‌ :: 1234‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


سكرتێرى حزبى شیوعى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: پارتى داواى راده‌ستكردنه‌وه‌ى پۆستى ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمانى نه‌كردووه‌ و ده‌شڵێت: "په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ له‌به‌ر شیوعى بوونى ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌".


(دوێنێ شه‌ممه‌ 17ى ئاب)، به‌شێك له‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندنى هه‌رێم بڵاویانكرده‌وه‌: به‌هۆى ئه‌وه‌ى حیزبى شیوعى كوردستان بڕیارى ئۆپۆزسیۆن بوونى داوه‌، پارتى دیموكراتى كوردستان داواى له‌و حیزبه‌ كردووه‌ پۆستى ئه‌منیدارى گشتى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمانیان راده‌ستبكاته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كاوه‌ مه‌حمود، سكرتێرى حزبى شیوعى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "راسته‌ په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ ئه‌منیدارى گشتى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان شیوعيیه‌، به‌ڵام ئه‌و پۆسته‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى شیوعى بوون وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو به‌هۆى لێهاتوویى خۆیه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ى پێدراوه‌".

وتییشى: "پارتى داوایه‌كى له‌و شێوه‌یەى نه‌كردووه‌ و بۆچوونى شیوعى به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نى خانمان و ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ و سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى حیزبى بوون دانه‌نرێت".

ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ و ساڵى 2009 به‌ بڕیارى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم دامه‌زراوه‌، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ ئه‌میندارى گشتى كه‌ پله‌كه‌ى بریكارى وه‌زیره‌، له‌گه‌ڵ حه‌وت ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌ن پێكدێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تى پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ده‌كه‌ن.

له‌باره‌ى راده‌ستكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ى، په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى كاروبارى خانمان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌لایه‌ن پارتى و حیزبه‌كه‌ى خۆشییه‌وه‌ داوایه‌كى له‌وشێوه‌یەى لێنه‌كراوه‌".

وتیشى: "هه‌ر چه‌نده‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو كه‌ له‌ حكومه‌ت كشانه‌وه‌، ئێستا یه‌كگرتوو ئۆپۆزیسیۆنه‌، به‌ڵام ئه‌ندامانیان له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نه‌كشاونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر حیزبێك بووه‌ ئۆپۆزیسیۆن، كادیره‌كانى نه‌توانن پۆست وه‌ربگرن".

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure