نوێترین زانیاریی دەربارەی شوتی پێنجوێن

هەواڵ / کوردستان :: 17/08/2019‌ :: 540‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە و تیایدا كەسێك باس لە خراپیی بەرهەمی شووتی پێنجوێن و بەكارهێنانی دەرمان بۆ گەورەكردنی شووتی دەكات، ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەردانی قەزای پێنجوێن-یان كرد و جەختیان لە نەبوونی كێشە لەبەرهەمە كشتوكاڵییەكان و بەتایبەتیش شووتی سنوورەكە كردەوە.

قایمقامی پێنجوێن دەڵێت: "ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە، بۆ ئەوەیە بەرهەمی كشتوكاڵی پێنجوێن لەكەدار بكەن و دەیاندەینە دادگا".

زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن، بە دواڕۆژی راگەیاند: "ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە، بۆ ئەوەیە بەرهەمی كشتوكاڵی پێنجوێن لەكەدار بكەن، بەتایبەتیش كە لەئێستادا وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی سنوورەكەیە. سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانەش رەتدەكەینەوە كە گوایە شووتی پێنجوێن بۆ خواردن نابێت. ئەو كەسانەیش دەدەینە دادگا".

وتیشی: "ئەو دەرمانانەی كە بەكارهێنراون بۆ بەرهەمهێنانی شووتی، لە هەموو دنیادا بەكاردەهێنرێت، داواشمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی كردووە، لە رووی زانستییەوە روونكردنەوەی پێویست بە هاووڵاتیان بدەن بەوەی كە سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانە ناڕاستن و لیژنەیەكی زانستییش بنێرن بۆ سنووری پێنجوێن تا لەنزیكەوە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی شووتی لەكێڵگەكاندا ببینن".

هاوكات، عوسمان سێدەری، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ دواڕۆژ، وتی: "هەرچەندە وەك پارلەمان لەپشووداین، بەڵام بەمەبەستی بەدواداچوونی ئەو دەنگۆیانە، سەردانی قەزای پێنجوێنمان كرد و لەنزیكەوە لەگەڵ جووتیاران و فرۆشیارانی دەرمانی كشتوكاڵی و لایەنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆمان كرد، دەركەوت كە شووتی و میوەكانی پێنجوێن، باشترین جۆرەكانن و هیچ كێشیەكەیان نییە".

سێدەری وتی: "گرفتێك هەیە كە شایەنی باسكردنە، ئەویش ئەوەیە دەبێت لەمەولا بەشی رێنمایی لە هۆبە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵی ناحیە و قەزا و پارێزگاكان كاراتر بن لە سەردان و چوونە ناو گوندەكان و رێنماییدان بە جووتیاران، چونكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێشتر وەك پێویست نەینتوانیوە رۆڵیان هەبێت".

ئەندامەكەی لیژنەی كشتوكاڵ لە پارلەمانی كوردستان دەڵێت: "پێنجوێن گونجاوترین شوێنە بۆ كشتوكاڵ و پێویستی بە دروستكردنی عەلوەیەكی گەورە و ساردخانە هەیە، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانەی كە دەمێننیەوە یان زیادن، لەوێ دابنرێن و لە وەرزەكانی زستان و پایزدا سوودیان لێوەبگیرێت. ئێمە ئەم بابەتە دەبەینە لیژنەكەمان و كاری پێویستی لەسەر دەكەین".

 

ئیسماعیل عەلی، نوێنەری قەزای پێنجوێن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ دواڕۆژ وتی: "ئەمڕۆ بەشێوەكی مەیدانی سەردانی چەند كێڵگەیەكی كشتوكاڵی پێنجوێن-م كرد و لەگەڵ جووتیارە نموونەییەكانی پێنجوێن گفتوگۆمان كرد لەسەر ئەو پڕوپاگەندانەی لەلایەن چەندین كەسی نەزان لە بواری كشتوكاڵدا دەكرێن، دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان كە ئەو قسانە هیچیان بنەمای زاستییان نییە و لەلایەن خەڵكانێكەوە دەكرێن كە لەوانەیە مەرامی دیكەیان هەبێت و ئەوە دواتر روون دەبێتەوە".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure